Alternate Text

ئازایەتی لە خۆفرۆشتندا نییە

رێبین عومەر‌ 23/03/2021

ساڵی 1809ز، سوپای فەڕەنسا بەسەرکردایەتی ناپۆلیۆن پۆناپارت.. ووڵاتی نەمسای زۆر بە ئاسانی لە لاوازترین خاڵەوە داگیرکرد، ئەویش دوای ئەوەی یەكێك لە ئەفسەرە سیخوڕەكانی سوپای نەمسا، بەدڵ و بەگیان دژی ووڵاتەکەی خۆی و خەڵکەکەی؛ كەوتبووە هاوكاری كردنی سوپای فەرەنسییەكان کە لەهەوڵی داگیرکردنی نەمسادابوون بەشێوەیەکی چڕوپڕ.. سیخوڕە نەمساییەکە سەرجەم خاڵە لاوازەكانی سوپای ووڵاتەکەی خۆی بە فەرەنسییەكان نیشانداو رێنوێنی کردن، هەربەوهۆیەوە بەماوەیەكی كەم و کورت ناپلیۆن نەمسای بەتەواوەتی داگیركرد. هەموو ئەمانەی كە سیخوڕەكە ئەنجامیدا، و بەتەواوەتی پشتی كردە خاك و خەڵكەكەی، تەنیا بۆ ئەوە بوو بڕێك پارەی دەستكەوێت و ژیانی خۆی پێبگۆڕێت..! ئەم چیرۆكە لە مێژوو بووە عیبرەت بۆ نیشتمان فرۆشەكان.. ئەوانەی پێش سوپای ووڵاتان دەکەون تا خاک و خەڵکەکەی خۆیان بفرۆشن و داگیربکرێن.. وەک کرمۆکەی ناودار گیانی خۆیان دەخۆن.. تا داڕزین کاردەکەن. دوای داگیرکاریەکەو چونەناوەی فەرەنسییەکان بۆ نەمسا گفتوگۆیەکی پڕبەها لەم چیرۆکی خۆفرۆشتنەدا روودەدا، چونكە لەكۆتایی سەركەوتنی فەرەنسییەكان یاوەرەكانی ناپلیۆن چاویان لەوەبوو كە سەرۆك بەڕەسمی سوپاسی سیخوڕەكەبكات یان دەست بخاتە ناودەستییەوە، بەڵام ناپلیۆن هیچ لەوانەی نەكرد.. بەڵكو وانەیەكی بەخشییە سیخوڕەكانی دنیاو پێی ووتن: ئازایەتی لە خۆفرشتندانییە..! بە هاوەڵەکانی خۆی ووت: تەنیا حەقی داگیركاریەكەی بدەنێ، چونكە من ئامادەنیم دەست لەناو دەستی كەسێك بخەم كە بۆ پارە پشتی لە نیشتمانەكەی خۆی كرد.