Alternate Text

قوباد تاڵەبانی؛ ئەندازیاری دانووستان و جەنگاوەری چاکسازی

پاڵە محەمەد‌ 23/03/2021

چەند رۆژێک بەر لەئێستا پارەکەی بەغدا گەیشتە هەرێمی کوردستان و رەنجی ماندووبوون و هونەری دانووستان و گفتوگۆی قوباد تاڵەبانی بەکردەیی بەرجەستە بوو، کەچی ئەو نە منەتی بەسەر کەسدا کرد و نە بە خەڵکیشی فرۆشتەوە؛ ئەوەیە حکومڕان و دەوڵەتداری راستەقینە.

ئەو بە هێمنی و دوور لە موزایەدە خەریکی حکومەتداری و کردنەوەی گرێکوێرەکانە، خەریکی راستکردنەوەی هەڵەکانی پێشوو، بنبڕکردنی گەندەڵی و رۆتین و فەرمانبەری بندیوار و دامەزراندنی بناغەیەکە بۆ حکومڕانیی دروست.

ئەو لە بەغدا بە زمانێک گفتوگۆی کرد جیاواز لەوانەی پێش خۆی؛ دەیوست لە پەرلەمانتاری ناحاڵیی شیعە و سوننە و شەقامی عێراقیی بێئاگا بگەیەنێت کە کوردستان هۆکاریی نەهامتییەکانی خەڵکی بەسرە و کووفە نییە؛ بۆ یەکەم جار و یەکەم کەس بوو کە بە راشکاوی و شەفافانە و بوێرانە ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە رێککەوتن راگەیاند.

فشاری قوباد تاڵەبانی نەبووایە ئێستاش لەناو بازنەی بێهیواییدا دەخولاینەوە و هەرێم و بەغدا هەرگیز نەدەگەیشتنە رێککەوتن.

قوباد تاڵەبانی دەرگای بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تری نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە و سەلماندی ئەندازیاری دانووستان و جێبەجێکاری رێککەوتن و پێشکەوتنە لەگەڵ بەغدا.

شانبەشانی کردنەوەی گرێکوێرەکان لە بەغدا، ئەوە هەر قوباد تاڵەبانی-ە بووەتە جەنگاوەری دژ بە گەندەڵی و رۆتین و راووڕووت و سەرانەسەندن.

ئەو لە پێناو هێنانەدی دادی کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی و فەراهەمکردنی هەلی یەکسان بۆ هەمووان قۆڵی لێهەڵماڵیوە و وا بەگژ قولەی قافدا چووەتەوە؛ وا دیارە سەبری تاڵەبانی هەتا ئێرە بوو، ئیتر رێگەنادات -- خۆی وتەنی -- "پیسخۆرەکان" لەمپەر لەبەردەم شاڵاوی چاکسازییەکانیدا دروست بکەن و هەموو ئەوانەی رێگرن ئیتر رایان دەماڵێ.

ئەوە هەر ئەوە لەناو ئەم فەوزایەی کوردستان و تۆپ و تەیارەی تورکیا و پەلاماری داعش و هێرشی درۆن و هەڕەشەی حەشد-دا هێشتا خەیاڵێکی هەر لای تواناکانی گەنجان و مافەکانی کچان و ژنانە و بەردەوامیشە لە داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان و لە خەمی ژینگە و وەرزش و پێکەوەژیانیشدایە و بۆ ساتێکیش لە هەولەکانی بۆ ئەلیکترۆنیکردنی حکومەت و خزمەتە گشتییەکان و بەمۆدێرنکردنی کۆی کایەکانی ژیان نەوەستاوە.

قوباد تاڵەبانی کاری زۆر دەکات، بەڵام کەمترین قسە دەکات و خەریکی بنیاتنان و راستکردنەوە و دەوڵەتدارییە، نەک شەڕەدەنووکی سیاسیی سواو و موزایەدەکردن و تاڵان و بڕۆیی.