كڵاو و شەمەندۆفێرەكە ! كوا ۲٠٠ ملیارەكە ؟!
هۆشیار عەبدوڵا 23/03/2021
باوكێك كڵاوێك بۆ كوڕەكەی دەكڕێ، كوڕەكەی داوای هەر شتێكی تری لێبكا پێی دەڵێ بۆ كڵاوت نیە؟! ئەی كڵاوم بۆ نەكڕی؟!
رۆژانەت دەوێ؟ كڵاوت نیە؟!
جلت پێویستە؟ كڵاوت نیە؟!
نەخۆشی؟ كڵاوت نیە؟!
دەترسم ئەم كابینەیە سكەی شەمەندۆفێرەكەش وا لێبكاو بڵێ؛ رێگای دو سایدتان دەوێ ؟ بۆ هێڵی ئاسنینتان نیە؟
رێگای بێ چاڵو چۆڵتان دەوێ بۆ شەمەندۆفێرتان نیە؟
موچەتان بۆ چیە ئەوەنیە رێگای ئاسنتان (بۆ دێنین!)؟!
حكومەتێك رێگاكانی زۆرینەی دو ساید نەبن، پڕ بن لە چاڵو چۆڵی پێش رێگای ئاسنین بیر لە چاككردنی رێگاكانی دەكاتەوە.
هیوادارام گرێبەستی ئەم رێگای شەمەندۆفێرەش وەك زۆربەی گرێبەستە گەورەكانی تر نەبێ شیرینیەكەی زیاتر بێ لە تێچوەكەی.
سەرەڕای ئەم رەخنانەش ئەگەر تا دو ساڵی تر لە سەدا 20ی رێگا ئاسنەكە تەواو بێ شوكری خوا دەكەین دەڵێین ئافەرین، چونكە؛ بۆ نیشتیمانسازیو ئاوەدانیو دانانی ژێرخانێكی پتەوی ئابوریو بازرگانی هیچ شتێك لە رێگاوبان گرنگتر نیە، بەڵام رێگاوبانیش ئەولەویەتو پلانی دەوێ هەندێجار هەڵگرتنی بەردی گەورە نیشانەی شتی ترە!
بەڕاست ئەم مانگە موچەی موچەخۆرانی هەرێم چەند رۆژ دواكەوتو چەندی لێبردرا؟!
ئایا وەك مژدانەی هاتنی ئەم رێگای شەمەندۆفێرە حكومەت دەتوانێ موچەیەك لە كاتی خۆی و بێ لێبرین بدا؟!
دەستان خۆش بێتو هیوادارین سكەی قیتارەكە كڵاوەكەی كابرا نەبێ، بەڵام ئەزیەت نەبێ 200 ملیارەكە كوا ؟!