Alternate Text

بۆ یەكێتی بژین هەموو

کوردستانی نوێ‌ 23/03/2021

بۆ یەكێتی بژین هەموو، كوردین هەموو ئەو یەكێتییە بن كە بۆ كورد ‌و كوردستان بەكەڵكە، بۆ كوردایەتی ‌و دیموكراتی ‌و حزبایەتی رەسەن بەكەڵك ‌و كارا ‌و كاریگەرە. یەكێتی حزبایەتی رەسەن ‌و نوێباو ‌و رێباز رۆشن ‌و رەوا بن.

* بۆ یەكێتی بژین هەموو، كوردبن هەموو، دوای رێباز ‌و رێگا ‌و دروشم ‌و بەرنامە ‌و سیاسەتی یەكێتی بكەون. هەڤاڵی شەخسپەرستی مەبن. هەڤاڵی رێی مافی چارەنووس، رێی ئاشتی ‌و ئازادی ‌و دیموكراسی بن. هەڤاڵی بێ غەلوغەشی كوردایەتی ‌و یەكێتییەكی عەیار بیست ‌و چوار بن. هەڤاڵی سۆشیال دیموكرات ‌و هەڤاڵی شانە ‌و كەرت ‌و كۆمیتە ‌و مەڵبەند ‌و مەكتەبی یەكێتی بن، هەڤاڵی لاكۆڵانی تاریك ‌و نوتەك ‌و هەڤاڵی كۆڵانی بنبەست مەبن كە بۆنی شەخسزەدەیی ‌و ڕەنگی كەس پەرستی ‌و بەرامەی پۆلپۆلیستی ‌و عەوام فریوی گرتووە.

* ئەی هەڤاڵی یەكێتی تۆ كە ئەم حزبە پان ‌و بەرینەی مەیدانی خەباتی كوردایەتیت هەیە. بۆ دوای هەڵپەی پێچ ‌و پەنا ‌و هەڵلای پەیجی درۆزنانە ‌و میلیشیای ئەلكترۆنی ناوی خوازراو ‌و تایتڵی شێواو كەوتووی؟

تۆ هەڤاڵی یەكێتی ‌و هەڤاڵی مام جەلال بە، هەڤاڵی كوردایەتی ‌و كوردەواری ‌و دیموكراتی بە كە تا سەر ‌و بۆ هەمووان ‌و بە هەمووان سەرئەكەوێت. چیت داوە لە فەلاكەت ‌و هەلاكەت ‌و لەرێ لادانی دوور لە حزبایەتی ‌و دور لە هەڤاڵبەندی؟ یەكێتی ڕاستەقینە بە، دەروێشی حەقیقەتی یەكێتی بە، كۆیلەی پۆلپۆلیستی مەبە، ئەندامی سۆشیال دیموكرات بە، نەك ئەندامی سۆشیال میدیای قیل ‌و قالی كۆمەڵگەی گریمانەیی. ئەندامی سوپای ئەلكترۆنی رەسمی ‌و رەسەن ‌و رەوا و روونی یەكێتی بە، نەك ئەندامی سپۆنسەركراوی میلیشیای ئەلكترۆنی تەشهیر ‌و سوكایەتی ‌و پەلاماردان! ئەی هەڤاڵی یەكێتی!

تۆ پشتیوانی هەڤاڵەكەی خۆت بە، لەگەڵ هەڤاڵی خۆتا خەبات ‌و كۆشش بكە، نەك تەشهیری پێ بكەیت ‌و ملی بشكێنی چونكە ئەویش هەر یەكێتییە ‌و هەر دەیەوێ یەكێتی بێت. تۆ هەڤاڵانی خۆت بە دۆست ‌و یار ‌و هاورێی خۆت بزانە، نەك لە پەیج ‌و پەناو ‌و پەسێوی خوازراودا سوكایەتی پێ بكەیت ‌و كۆمێنتی نەشیاوی لەسەر بنووسی ‌و موزایەدەی بەد عەمەلی بەسەردا بكەیت؟ ئاخر تۆ بەو هەڤاڵە ‌و بە كۆی هەڤاڵانیشت، یەكێتی ‌و یەك سەنگەری.

ئەی هەڤاڵی یەكێتی، پابەندی یەكێتی ناو یەكێتی بە، بەگوێی ئەدەبیاتی یەكێتی بكە كە دەڵێ: كەسمان لێ زیاد نییە ‌و لەسەر كەس پەكمان نەكەوتووە، ئەندامی ماڵە گەورەكە بە نەك ئەندامی بازنەی چەواشەكاری، لە خۆ رازی بوون ‌و لە خەڵك تەوەلا بوون بیت. بەگوێی مامی یەكێتی بكە كە دەیگوت مەدحی شەهیدان بكەن ‌و بە شانوباڵی نەمرانی رێی مافی چارەنووسدا هەڵبدەن، نەك بە كوڵاوی ‌و بە برژاوی مەدح ‌و سەنای ئەم ‌و ئەو بكەن ‌و دیاردەی ناپەسەندی پڵنگی كاغەزی رەواج پێ بدەیت!

بەگوێی مام بكەن كە دەیگوت (سەروەریمان، مانەوەمان، گەشەكردنمان، بەندە بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە).

گوێ لە راسپاردەی مام بگرن كە دەیگوت ( ئەوە بەرهەمی خەباتی خۆتان ‌و خوێنی شەهیدەكانتانە كە مام جەلال ئەو پێگەیەی هەیە لە دونیادا)

هەڤاڵانی یەكێتی، سەرجەمی هەڤاڵانی یەكێتی، یەكێتی وەك بیلبیلەی چاوتان بپارێزن ‌و یەكێتی ناو یەكێتی بگەشێننەوە. ئێوە مرواری زیخ ‌و چەوی كانی روونی یەكێتین، سەرەنجام هەر یەكێتی ‌و هەر نیشتمان ‌و هەر كوردستان دەمێننەوە، هەر مافی چارەنووس ڕاستییە تا سەر ‌و ئەبەدی ‌و نەمرەكەیە.

كوردستانی نوێ