هەموومان سەپانی ئەمریکاغاین
د، ئیسماعیل بەرزنجی 23/03/2021
لە هەر شوێنێکی دنیا شتێک بەرهەم بهێنرێت ئەمریکا قازانج دەکات، وەکو ئەوە وایە هەموو جیهان سەپانی ئەو بن، ئەمە موبالەغە نییە بەڵکو عەینی حەقیقەتە، چۆن؟
لە دوای ساڵی 1971ەوە کە ئەمریکا بڕیاریدا چیتر دۆلار پەیوەست نەبێت بە زێڕەوە و سیستمی بریتۆن ودز هەڵوەشایەوە ئیتر ئەمریکا کەوتە چاپکردنی دۆلار بەبێ هەبوونی یەدەگی زێڕ، واتە ئەو دۆلارەی چاپی دەکات تەنیا پارەی کاغەز و چاپەکە لەسەری دەکەوێت، بەڵام باقی وڵاتانی دنیا (جگە لە چین) ناچارن لە بەرامبەر چاپکردنی پارەی خۆیان بایی ئەوە زێڕ و دۆلاریان ببێ.
بۆ نموونە عێراق، لەبەرامبەر هەموو (1460) دینارێکدا پێویستە یەک دۆلار یان بایی یەک دۆلار زێڕی هەبێت، ناتوانێت پارەی زیاتر چاپ بکات لەو بڕە یەدەگەی کە هەیەتی، هەرکاتێک ڕویدا بڕی یەدەگ کەمی کرد و داهاتی حکومەت زیادبوو و کورتهێنان بەرزبوەوە ئەوا نرخی دراوی ئەو وڵاتە لە بەرامبەر دۆلار دادەبەزێت وەکو لیرەی لوبنانی و تمەنی ئێرانی و ......
مادام هەموو شتێک کە بەرهەم دێت بە پارە دەخەمڵێنرێت یان کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت پارەی وڵاتانیش بەدۆلار دیاریدەکرێت، دۆلاریش بە ئاسانی چاپ دەکرێت، وڵاتان ناچارن یەدەگی خۆیان لە دۆلار و زێڕ زیاتر بکەن، کەواتە هەر شتێک بەرهەم دێت دەفرۆشرێت بە پارە، پارە دۆلاری پێ دەکڕرێت، ئەو دۆلارەی دەکڕدرێت لە هیچەوە چاپکراوە تەنها کاغەزێکە و بەهاکەی لە ئەمریکاوە وەردەگرێت.
بەکورتی: ئەمریکا کاغەز بە دنیا دەفرۆشێت بەپارەیەکی زۆر کە ئەو پارەیە یان بەهای ڕەنجی جوتیارێکە یان وانە وتنەوەی مامۆستایەک یاخود کارکردنی فیتەرێک و هتد...
گریمان جوتیارێک ساڵانە لە عێراق بایی (1,460,000) دینار گەنم بەرهەم دەهێنێت، لە بەرامبەری ئەو پارەیە حکومەتی عێراق (10 گەڵا) هەزار دۆلاری کڕیوە، بەڵام ئەمریکا لە بەرامبەر چاپکردنی هەر 100 دۆلارێکدا تەنها 40 سەنتی خەرجکردووە، واتە ڕەنجی ساڵێکی جوتیارەکەی بە (4 چوار) دۆلارکڕیووە، ئیتر ئەوە کەڵەگایی نەبێت چیترە؟