Alternate Text

وتارەکانی نوسەر

تێڕوانینی مێژووییانەی كورد بۆ بەغدا
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
28-9-2020
ریفراندۆم؛ ئەو کەتنەی من بەشدارنیم تێیدا
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
23-9-2020
میللەتێک چاوی لە مووچەیە
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
20-9-2020
نەخێر بۆ مستەفا کازمی !
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
15-9-2020
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

نەخێر بۆ مستەفا کازمی !

Alternate Text

9/15/2020 10:10:00 AM

پێداهەڵدان و وەسف و سەناکان بۆ مستەفا کازمی بەواتای خۆشویستنی ناسیۆنالیستی عەرەبی نییە، هاوکات لەبیرکردن و تێپەڕاندنی هەموو ئەو ئازارو ماڵوێرانی و ئەنفال و شەهیدەی کوردیش نییە کە لەسەر دەستی فاشیستی عێراقی کورد نۆشیویەتی. تەنانەت ئەگەر خۆشویستنی کازمی دژایەتی بێت بۆ نەتەوەی کوردو خاکەکەی، ئەوا نەخێر بۆ کازمی.

بەرپرسەکانی کورد ئەوەندە بەناوی کوردایەتی و مەترسی دوژمنان لەسەر قەوارەکەمان و دەوڵەتی کوردی و ڕیفراندۆم و ...هتدەوە پەستانیان خستەسەر میللەتی کورد، ئێستا لێکەوتەکەی ئەوەیە میللەت بڕوایان پێناکات و ئەم باڵۆنی کوردایەتییە فلسێکی قەڵب ناهێنێت لەلای هاوڵاتیان.

ئەم میللەتە لەسایەی هوتافەکانی کوردایەتیدا هێندە برسی کراوە چیتر کوێ هەڵناخات چەمکی دەوڵەت و ناسیۆنالیستی کوردی تێریان بکات و برسێتییان بڕەوێنێتەوە. پێچەوانەی هەندێک بۆچوون، ڕاستییەکە ئەوەیە میللەت نانی تاڵیش دەخوات! بەو شەرتەی تێربێت و گیرفانی پڕبێت لەپارە، بۆ دزی و تاڵانی و کوشتن و بڕین نانی تاڵ نییە کە ئێستا هاوڵاتیان دەستیانداوەتێ لەپێناو سکێکی تێرو گیرفانێکی پڕدا؟!

دەبێت هەموومان ئەو جەهلە تێپەڕێنین کە نابێت کەس کازمی خۆش بوێت، میللەت بەتێری دەتوانێت کوردایەتی بکات، بۆچی بۆ کاربەدەستەکانی هەرێم مەعقول بێت شانازی بەعێراقیبوونەوە بکات بۆچی بۆ هاوڵاتیان عەیبە بێت؟ بۆچی پێشەوایانی کوردایەتییە ئیفلیجەکە موچەی تەقاعودی لەبەغدا بێت بەڵام هاوڵاتیان بۆیان نەبێت داوای موچەو پارەی گەنم لەبەغدا بکەن؟

هەموو ئەو دروشمانەی لەگەڵ سەردانەکەی کازمیدا بۆ هەرێم گوێمان لێی بووە، پەرچەکرداری واقیعی سەرانی کوردایەتییە لەگەڵ میللەت و موچەخۆرو هاوڵاتیانی خۆیاندا. پێمانوایە ئێستاش تاکی کورد بڕوای بە پیرۆزی نەتەوە ماوەو دەشمێنێت بەڵام ئەوکاتەی هەموو ئەم دەمڕاست و ئیمامە پارەدارانەی کوردایەتی لەناوبچن و دووربکەونەوە لەدروشمە بەتاڵەکانیان.

مستەفا کازمی تائەبەد ناتوانێت تاکی کورد بەو ئاراستە ببات کوردایەتی خۆیی لەبیربچێتەوە بەڵام سەرانی کوردایەتی لەباشوور تاکی کوردیان بەو بڕوایە گەیاندووە لەئێستادا بڕوایان بەهیچ دروشمێکی کوردایەتی نەمێنێت و پشتگوێی بخەن. ئەمە تەنها لەهاتنی کازمیدا دەرناکەوێت، ئەو هەموو گەنجەی کورد کە ڕێگای مان و نەمانی هەندەرانیان گرتەبەرو ڕۆیشتن، ڕقیان لەکوردایەتی و نیشتمان نییە بەڵکو ڕقیان لەو وەجهانەیە کوردایەتی و نیشتمانیان کردۆتە پرۆژەیەکی ئیستیسماری.

ئەگەر کازمی پرۆژەیەکی عەرەبی بوایە بۆ لێدان لەجوانی و موقەدەساتی کوردو کوردستان، ئەوا نەک جارێک هەزارانجار بەردم دەکێشایە ڕووی ئەم پرۆژەیەداو نەفرەتم لێدەکرد، بەڵام ئەوە سەرانی کوردایەتین تائەو ئاستە بەناشیرینیدا ڕۆچوون هەموو ناشیرینەکانی دیکە جوان دەرکەون لەلای تاکی کورد.

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP