Alternate Text

وتارەکانی نوسەر

کاروان محەمەد

سویسرا لەبەردەم تەوژمی دووەمی کۆرۆنادا

Alternate Text

10/15/2020 2:52:00 PM

یەک هەنگاومان ماوە بۆ کارەساتی مرۆیی گەورە..
سویسریەکان هێشتا لەخەوی شیرینی باشترین سیستەمی تەندروستی جیهاندا بوون کاتێک ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی بازل بەئەسپایی لە باشورەوە لەڕێگەی شارۆچکەی کۆمۆی ئیتاڵیەوە خۆی دەگەیەنێتە تیچینۆو لەباکوری ڕۆژئاواوە لە رێگەی شارۆچکەی میلهاوسی فەڕەنساوە دێتە ناو شاری بازلەوە و دەبێتە مۆتەکەی بارودۆخی تەندروستی وئابوری سویسریەکان.
نیوەڕۆی 25ی شوبات کاتێک یەکەم حاڵەتی توشبوون بەڤایرۆسەکە ئاشکرا کرا،وەک ئەوەی چەخماخەی سەردەمێکی نوێ بێت لە سویسرا، دانیشتوانی بەهەشتە بچوکەکەی ئەوروپا سەرەڕای ترسی توشبوون بەڤایرۆسەکە، کەوتنە کڕین وشاردنەوەی پێداویستیە گرنگەکانی ژیان و لەبەردەم داهاتوویەکی نادیاردا بەرەو ئاسۆیەکی ناڕوون ملیان دەنا.
هێشتا ژمارەی توشبون لەڕۆژێکدا 100 کەسی تێنەپەڕاندبوو، حکومەت بارودۆخی جیاواز و بەدواییدا بارودۆخی تایبەتی ڕاگەیاند. ئەنجومەنی فیدراڵی هەندێ دەسەڵاتی بەکاردەهێنا، کەتەنها لەحاڵەتی لەناکاودا بەکاردەهێنرێت وتا ئەمڕۆش گفتوگۆی ئەوە دەکرێت تاچەند حکومەت پابەندی دەستور بووە و لەکوێدا سنوری دەسەڵاتیان تێپەڕاندووە؟
کەرتی تەندروستی بەشێوەیەک کەوتبووە ژێر فشارەوە،حکومەت ناچار بوو سوپای ووڵات بخاتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە و لەناوچە جیاوازەکان هاوشێوەی کارمەندانی کەرتی تەندروستی ڕوبەروی کۆرۆنا دەبوونەوە،هێشتا بەو شێوەش کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە ئاسان نەبوو،بەشێوەیەک ناچار بوون کە بڕیار بدەن ئەوەی تەمەنی لەسەروی 85 ساڵەوەیە،لەئەگەری توشبوونی بەڤایرۆسەکە،پێویستە چاوەڕێی ئامێری هەناسەدانی دەستکرد نەکات وئەو ئامێرانە بۆ کەسانی گەنجتر بەکار دەهێنرێت!
لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی توشبوون و گیان لەدەستدان، هێواش هێواش دەرگای زۆر چێشتخانە و کافتریاو هەندێک لە کۆمپانیاکان داخران و لەپاڵ کێشەی تەندروستیدا کێشەی ئابوریش خۆی قوت کردەوە!
بۆ هەرەس نەهێنانی کۆمپانیاکان حکومەت پەیتا پەیتا ملیاردەها دۆلاری دەخستە بەردەست و قەرزی گەورەی دەدایە خاوەن کارەکان،ئینجا لەپاڵ ئەوەشدا سەدان کۆمپانیا مایەپوچ بوونی خۆیان ڕاگەیاند.
لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە کۆرۆنا بارودۆخێکی هێنایە کایەوە، زەحمەتە جارێکی تر ئەو کلتورەی ئەوروپیەکان هەیانبوو بگەڕێتەوە بارودۆخی ئاسایی خۆی،ئەوەی ئەمرۆ دەیبینی کە لەکاتی پێکگەشتندا تەوقە وباوەش بەیەکدا کردن دەکات،چیتر ئەوروپیەکان نین،بەڵکو کەسانێکن کەڕۆژانێک لە میدیای ئەوروپیەوە ڕەخنەی ئەوەیان لێ دەگیرا کە زەحمەتە بۆیان فێری کلتوری باوەش وماچ ببن و هەمیشە ماچ وباوەشیان وەک تابوو دەبینی!
لەگەڵ کۆتایی مانگی ئایار کۆرۆناش بەهێواشی کز دەبو،رێژەی توشبوون بەڤایرۆسەکە دادەبەزی و گیان لەدەستدانیش تۆمار نەدەکرا،بۆیە حکومەت بۆ بوژاندنەوەی کەرتی ئابوری ناچار بوو لەهەندێک لە ڕێگریەکان پاشەکشە بکات و زۆربەی بەربەستەکان هەڵگرێت،تەنها داوایەک کەهەیبوو، خۆپارێزی و دیستانزی کۆمەڵایەتی بوو!
بەڵام چاودێران هەمیشە بە وریایی و گومانەوە لە بارودۆخەکەیان دەڕوانی ومتمانەیان بە خۆکزکردنی ئەو ڤایرۆسە سیاسیە نەبوو کەلەدوای ڕوداوەکانی 11ی سێپتەمبەرەوە بوە کاریگەرترین پێشهات کە جیهانی لەگەڵ سەرهەڵدانیدا بەخۆیەوە گۆڕی و چیتر گەڕانەوە بۆ بارودۆخی پێش کۆرۆنا، وەک چاوەڕوانیوە بۆ گەڕانەوەی بارودۆخی سیاسی بۆ پێش 11ی سێپتەمبەر!!
لەگەڵ هاتنی پایزو بەوردیش لە سەرەتای ئۆکتۆبەرەوە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەهێزەوە گەڕاوەتەوە مەیدان و وا خۆی پیشان دەدات ئەم پایزو زستانە دەستە و یەخەی یەکە یەکەی دانیشتوانی سەر گۆی زەوی ببێتەوە و زۆرانبازیان لەگەڵدا بگرێت!
هەرچەندە بەپێی ئامارە ڕەسمیەکان تا ئەمرۆ نزیکەی 38 ملیۆن کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون و نزیکەی 1 ملیۆن گیانیان لەدەست داوەو 26 ملیۆنیش چاک بونەتەوە و ڤایرۆسەکەیان تێپەڕاندووە، بەڵام ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پێی وایە ئەو ئامارانە تەنها مشتێکە لە خەروارێک و زیاتر لە %10ی دانیشتوانی سەر ڕووی زەوی توشی ڤایرۆسەکە بوون، بۆچوونەکەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕاستیەوە نزیکە،بەهۆی ئەوەی ئەو ژمارانەی ئاشکرا دەکرێن، تەنها ئەو کەسانەن کە پشکنینیان کردوە و توشبوونیان بەڤایرۆسەکە لەڕێگەی تاقیگەکانەوە پشت ڕاست کراوەتەوە،بەڵام چەند بەرانبەری ئەو کەسانە لەگەڵ توشبووندا خۆیان کەرەنتینە کردوە و ژمارەی ئەم کەسانە نادیارە، یان لەترسی لەدەستدانی کار توشبوونیان بەنهێنی هێشتووەتەوەو لەتێکەڵاوی کردنی کۆمەڵایەتی دوور نەکەوتونەتەوە و کەس نازانێت ژمارەیان چەندە؟
بەڵام ئەوەی دەزانرێت وئاشکرایە کۆرۆنا ئەمجارە بەشێوەیەک هاتوەتەوە،بەنیاز نییە بگەڕێتەوە تا دوا گورزی خۆی لە جیهان و مرۆڤایەتی نەوەشێنێت!
سویسریەکان کاتێک زەنگی مەترسی لێدەدەن،ئیتر کاتی ئەوە هاتوە هەست بە مەترسی کۆرۆنا بکرێت لەم ووڵاتەدا لانی کەم،گەر نەڵێین جیهان!!
پێرێ نەخۆشخانەکان هاوار دەکەن وداوا دەکەن (تکایە ماسک ببەستن)
دوێنێ  ماورۆ پۆگیای وەزیری تەندروستی جنێف دەڵێت: وامان لێ هاتووە بەئاشکرا بیر لەوە بکەینەوە،تەنانەت سەردانی خێزانەکان لەنێوان خۆشیاندا حکومەتی لێ ئاگادار بکرێتەوە،بەهۆی ئەوەی لە  %20ی ئەو سویسریانەی بەهۆی کۆرۆناوە لەنەخۆشخانەکان کەوتون لە جنێفدان!!
ئەمرۆ سیمۆنیتا سوماروگای سەرۆکی سویسراش دەڵێت: 5 خولەکی ماوە بۆ کاتژمێر 12!!
واتە لەبەردەم کارەساتی گەورەداین، ئەویش ڕو دەکاتەوە دانیشتوانی سویسراو داوا دەکات (بەجدی پابەند بن بەڕێنماییەکانەوە،پابەند بن دیستانزی کۆمەڵایەتی،پابەند بن بە بەستنی ماسک،پابەند بن بە کەرەنتێنە،تەنها 5 خولەکمان ماوە بۆ کاتژمێر 12 (
بەڵی تەنها یەک هەنگاومان ماوە بۆ کارەساتی مرۆیی گەورە، کاتێک لەکۆی  10 هەزار پشکنین 2500 کەس توشبونی بەڤایرۆسی کۆرۆنا پشت ڕاست بکرێتەوە،دەبێت لە کۆی 1 ملیۆن پشکنین چەند توشبوون پشت ڕاست بکرێتەوە!
ئەی ئەگەر ڤایرۆسەکە تەنگی بەکارمەندانی کەرتی تەندروستی هەڵچنی و لەناوەوەی هەرەمی دەزگای دوژمنەکەیەوە گورزی وەشاند،کارمەندی چ کەرتێکی تر ڕوبەڕوی دەوەستێتەوە؟

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP