Alternate Text

وتارەکانی نوسەر

د.کامەران مەنتک

له‌نێوان لقی چوار و لقی پێنجی پارتیدا

Alternate Text

10/17/2020 11:52:00 AM

له‌ شوباتی 2011 دا چه‌ند گه‌نجێك خۆپیشاندانیان كرد له‌سلێمانی، رێڕه‌وی خۆپیشاندانه‌كان وه‌ك ده‌ڵێن به‌ به‌رده‌م لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستاندا تێپه‌ڕی، به‌ نه‌زانی بووبێت یاخود به‌ زۆرزانی، چه‌ند گه‌نجێكی خوێن گه‌رم به‌ردیان گرته‌ باره‌گای لقی چوار، كۆمه‌ڵێك چه‌كدار له‌سه‌ربانی لقه‌وه‌ به‌ بیكه‌ی سی و كڵاشینكۆف ده‌سڕێژیان له‌ خۆپیشانده‌ران كردو چه‌ند منداڵ و كه‌سی بێتاوانیان شه‌هید كرد، بیانووی پارتی ئه‌وه‌بوو رێگا نادات و له‌هیچ كه‌سێكی قبووڵ ناكات، كه‌ ده‌سدرێژی بكاته‌ سه‌ر باره‌گاكه‌یان، هێنده‌ مه‌سه‌له‌كه‌یان ئاوه‌ژوو كردبووه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ باره‌گای پارتی مزگه‌وتێك بوو بێت و سووتێنرابێت.

كه‌چی دوای زیاتر له‌ 9 ساڵ ، واته‌ ئه‌مڕۆ، كه‌ ده‌كاته‌ 17\10\2020، واته‌ هه‌مان 17ى مانگ، به‌هۆی لێدوانێكی هوشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، كه‌ تیایدا به‌زمانی حه‌شده‌كان، سووكایه‌تی به‌حه‌شد كردبوو، خۆپیشانده‌ران په‌لاماری باره‌گای لقی 5 ى پارتیان داو ئاگریان تێبه‌ردا، به‌ڵام ئه‌وەى‌ جێگای سه‌رسوڕمانه‌، هیچ كه‌سێكمان نه‌بینی له‌سه‌ره‌وه‌ به‌ بیكه‌یسی و كلاشینكۆف ته‌قه‌ له‌خۆپیشانده‌ران بكات، وه‌ك به‌رپرسی ئه‌و لقه‌ی پارتی له‌ میدیاكان رایگه‌یاند، سكاڵا له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراقی تۆمارده‌كه‌ن، هه‌ر دوای ئه‌وه‌ش لێدوانی هوشیار زێباری بڵاوبۆته‌وه‌، كه‌ له‌لێدوانه‌كه‌ی پێشووتری دژی حه‌شدی شه‌عبی په‌ژیوان بۆته‌وه‌و ئه‌و هێزه‌ نه‌ك به‌ میلیشیا به‌ڵكو به‌هێزێكی ده‌ستووری هه‌ژمار ده‌كات و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ رۆڵی گه‌وره‌یان له‌ شه‌ڕی داعش دا بینیوه‌، به‌ڵام وادیاره‌ لێره‌دا زێباری رۆڵی حه‌شدی له‌ داگیركردنه‌وه‌ی كه‌ركووك له‌یادچووه‌و فه‌رامۆش كردووه‌!.

ئه‌و هه‌نگاوه‌ی پارتی له‌ به‌غدا هه‌نگاوێكی دروسته‌، ناكرێت له‌پێناو باره‌گایه‌ك خه‌ڵكی تووڕه‌و خۆپیشانده‌ر گوله‌ باران و تیرۆر بكرێت، به‌ڵام كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌وه‌ی له‌ سلێمانی و له‌به‌رده‌م لقی 4 پارتی له‌ 17 ى شویاتی 2011 روویدا، رێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یه‌! ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ سروشتی پارتی بێت و به‌رامبه‌ر بێگانه‌ ترسنۆك و به‌رامبه‌ر خۆیش قاره‌مان و كه‌ڵه‌گا بن، ئه‌وه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان لێقبووڵ ده‌كرێت و هیچ شیكردنه‌وه‌یه‌ك به‌خۆوه‌ هه‌ڵناگرێت، ئه‌گه‌ر گۆڕانكاریش بێت له‌ سروشتی ئه‌و حیزبه‌و بمانه‌وێت وه‌ك به‌ره‌و پێشوه‌چوونێك له‌هزری سیاسی ئه‌و حیزبه‌ شیكردنه‌وه‌ی بۆ بكه‌ین، ئه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌و حیزبه‌ ده‌م و ده‌ست تاوانبارانی 17 ى شوبات، ئه‌وانه‌ی ته‌قه‌یان له‌خۆپیشانده‌ران كردو مناڵی هه‌ژارانیان تیرۆر كرد بداته‌ ده‌ست دادگا، چونكه‌ ناكرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی  به‌رد بگیرێته‌ باره‌گاكه‌ت خه‌ڵك گوله‌ باران بكه‌یت و خه‌ڵكی تریشت باره‌گاكه‌ت بسووتێنێت په‌نا بۆ دادگا ببه‌یت، ئه‌مه‌ بابه‌تێكه‌و ده‌بێت پارتییه‌كان وه‌ڵامی خه‌ڵكی كوردستان بده‌نه‌وه‌..

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP