ستران عەبدوڵڵا

رۆژان رۆژی لە دوایە و على الباغي تدور الدوائر

Alternate Text

4/6/2021 5:46:00 PM

ئەوەی خوارەوە مانشێت و لاپەڕەی سەرەکی رۆژنامەی عێراقە کە «عافوات»ی بۆ ھەموو کوردانی عێراق دەرکردووە، تەنھا مام جەلالی لێ دەربچێت.

العراق رۆژنامەی رەسمی دەوڵەتی عێراق بوو کە گوایە رژێمی بەعس بۆ کوردی عێراقی دەردەکرد . ژمارەی ئەم رۆژە وێنەی سەددامی بە جلی عەرەبییەوە داناوە و لە مانشێتی دووەم بە کوردی نووسیویەتی «سەددام زێرە» لە مانشێتی یەکەم و سەرەوە بەعەرەبی ئێژێ :لێبوردنی گشتی و سەرتاسەری بۆ گشت کوردە عێراقییەکان جگە لە « ناپاک » جەلال تاڵەبانی . ئەم بڕیارەی سەددامی دیکتاتۆر لە ئەدەبیاتی رەسمی عێراقدا وا باسی دەکرا کە ئاوی دیجلە لە مام جەلال حەرام کراوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ئاو و ئاسمان و ژێر زەمین و سەرزەمینی ئەم وڵاتە بە دیجلەی خێری زۆر و زەوەندیشەوە؛ بەگوێرەی وەسفی جەواھیری دۆستی دێرینی مام جەلال ، موڵکی بێ ئەملاولای باوکی بەعس و سەددام بێت.

بێگومان وەک دەزانین پاش ماوەیەک لەم بڕیارە سەددام بە قسەی خۆی «عافواتی» بۆ مام جەلالیش دەرکرد. ئەمە پێش راپەڕین بوو کە دیکتاتۆر ھاتە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی بەعس و لە بینای مەجلسی تەشریعی و تەنفیزی لە ھەولێر، بینای حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی ئێستا ، وتی: قەینا مام جەلالیش عەفو دەکەم، سەددام وتی: ئیمە عەشایەریین و حیساب بۆ دابونەریتی کۆمەڵایەتی دەکەین، لە زەمانی عوسمانییا باو و بابیرانی ئێمە کە لێیان قەوما ھاتنە کوردستان و باو و باپیرانی مام جەلال داڵدەیان دان. ئەم قسانەی سەددام لە راگەیاندنی رەسمی ئەوكاتەی رژێم بڵاو كرایەوە ‌و مام جەلالیش، كە هەمیشە حوجە ‌و مەنتیقی سیاسی ئامادە ‌و دەستوبرد بوو وتی: قسەكانی سەددام سنووری كوردستانی تەعریبكراوی دیاری كرد.

سەددام دەڵێ: ئێمە هاتینە كوردستان ‌و باو ‌و باپیرانی مام جەلال ئێمەیان داڵدە دا، كەواتا كەركوك كوردستانە. مام جەلال ئەم گێڕانەوەی لە چەندین شوێن باس كردووە ‌و بەتایبەتیش لە دیداری هەفتەنامەی (شیحان) ی ئوردنی كە هاتن دیداریان لەگەڵ مام جەلال كرد. مام جەلال دەیزانی ئەو رۆژنامە ئوردنیە هی دۆستەكانی سەددامە كە نفوز و دەستی لەناو میدیای عەرەبیدا زۆر واڵا بوو. بۆیە لەو دیدارەدا چەندین پەیامی بۆ رژێم ‌و بۆ دونیای عەرەبیش نارد، وتی: كێشەی عیراق نەبوونی دیموكراسییە ‌و مافەكانی كوردیش لەو چوارچێوەیەدایە.

تەسەور دەكەن من گەیشتوومەتە ئەم تەمەنە ‌و هێشتا بەشداریم لە دەنگدانێكی دیموكراسی لە وڵاتەكەی خۆمدا نەكردووە. دەقی تەواوی ئەو دیدارە لە نیوەی یەکەمی نەوەدەکان لە هەفتەنامەی (الاتحاد) ی یەكێتیدا بڵاو كراوەتەوە. چونکە دەزانرا رۆژنامەی دۆستی بەعس هەمووی بڵاو ناکاتەوە. پاش دەساڵ لەو چاوپێكەوتنەی لەگەڵ رۆژنامە ئوردنییەكە، ئەو پێشبینی ‌و ئەو ئاواتەی مام جەلال هاتەدی ‌و لە 2005، لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا مام هەم بەشداریكرد لە هەڵبژاردن، هەم دەنگی دا، هەم خۆی پاڵاوت ‌و هەمیش لەجێی سەددامی دیكتاتۆر بووە سەرۆك كۆماری وڵات. بەوەش یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراو، یەکەم کورد و یەکەم پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ، حوکمڕانی عیراقێکی دەستووری گرتە دەست. مام جەلال چووە شوێنی کابرای عافوات کە چەندین جاری تریش عافواتی درۆی بۆ کورد دەرکرد، بەڵام سەرۆكێكی هەڵبژێردراو بوو نەك خۆسەپێن. لە كەناری روباری لێ قەدەغەکراوی دیجلە ‌و لە دەرەوەی ناوچەی سەوز بووە سەمام ئەمانی عیراقێكی دیموكرات ‌و فیدرال. ئەو عیراقەی قەدەغە كرابوو لە مام جەلال ‌و لە جەواهیری دۆستی کە خاوەنی دوو شیعرە بەناوبانگەكەی (دجلة الخير) ء (كوردستان موطن الابطال) بوو.

سەرۆک مام جەلال لە مەراسیمی سوێندخواردنی، لەرۆژێکی وەک ئەمرۆی ساڵی ٢٠٠٥ دا جگە لە گەیاندنی پەیامی عیراقی نوێ. لە وتەكەیدا ناوی شەهیدانی كورد ‌و عەرەب، شەهید خاڵە شەهاب ‌و شەهید سەدری هێنایەوە بەرباس ‌و لە ئەدەبیاتی دەوڵەمەندی عەرەبی دژی زوڵم ‌و ستەمی حکومڕانان دێرێكی جوانی هەڵبژارد (وعلى الباغى تدور الدوائر). ئەم دێڕە بە مانای ئەوە دێت: دونیا دەوران دەورانیشە بۆ ستەمكار، كەچی بچێنی خۆشی هەر ئەوە دەدورێتەوە. یان وەكو پیرەمێرد دەڵێ: رۆژان رۆژی لەدوایە. جا دوای ١٦ ساڵ لەو رووداوە گرنگە، دەرسی گەورە هەر بۆ سەددام نییە، بەڵكو بۆ هەموو حكومەتەكانی دوای ئەویشە رێگای تولانی ‌و دوور و درێژی مام جەلال بۆ دیموكراسی ‌و فیدرالی رێگا زێرینەكەی عیراق ‌و كوردستانیشە، رێگای فەلاكەت ‌و هیلاكییش رێگەی سەد جار تاقیكراوەی دیكتاتۆری ‌و ستەمكارییە كە لە مانشێتدا (زێرە) هەیە ‌و لە واقیعیشدا (زێرە) نییە، بەڵکو تەنەکەیەكی ژەنگ هەڵاتووە كە هەمووی لە دەستی هەڵدێن.

ئەمەش دەقی بڕیارەکەی عەفواتی دیکتاتۆرە بۆ یەکە جوامێری دیموکراسی لە عیراقدا

استنادا إلى أحكام الفقرة (1) من المادة الثانية والاربعين من الدستور قرر مجلس قيادة الثورة بجلسته المنعقدة بتاريخ 8/9/1988 ما يلي :

¬ أولا ¬ يعفى عفوا عاما وشاملا الاكراد العراقيون المشمولون ببيان مجلس قيادة الثورة الصادر بتاريخ 6/9/1988 من كل أثر أو ملاحقة قانونية لأي عمل يعاقب عليه القانون، وكان قد وقع قبل تاريخ صدور بيان مجلس قيادة الثورة في 6/9/1988، سواء كانوا خارج العراق أو داخله، ويستثنى من ذلك القاتل عمدا بصورة مباشرة والسارق لأموال الغير، ويشترط لاستفادة من هو خارج العراق من هذا العفو أن يعود إلى الوطن خلال ثلاثين يوما من تاريخ صدور هذا القرار، مع ضمان خروجه إلى خارج الوطن بعد عودته إذا كن مرتبطا بعمل أو دراسة أو ما شابه ذلك ويرغب في متابعتها.

ثانيا ¬ يعفى عفوا عاما الاكراد المحكومون والموقوفون وتغلق قضاياهم ويطلق سراحهم فورا أن لم يكونوا محكومين أو موقوفين عن قضايا أخرى غير التي تناولها بيان مجلس قيادة الثورة في 6/9/1988، ويستثنى من ذلك المحكومون بسبب جرائم القتل العمد أو السرقة.

ثالثا ¬ يستثنى من العفو الوارد بهذا القرار الخائن جلال الطالباني فقط.

رابعا ¬ لا يعمل بأي نص يتعارض وأحكام هذا القرار.

خامسا ¬ ينفذ هذا القرار من تاريخ صدوره ويتولى الوزراء والجهات ذات العلاقة تنفيذه. سەدام حسين رئيس مجلس قيادة الثورة

دەرسی تریش پێشنیارێكیش بۆ خۆمان لە كوردستان و لە سەرتاسەری عیراقیشدا، ئەو مەجلسی تەشریعی ‌و تەنفیزییە بكەن بە مۆزەخانەی پەند و ئەزموون، حكومەت ‌و پەرلەمان لە شوێنێكی تر بینا بكەینەوە ‌و لەبەغداش شوێنی تر بۆ پەرلەمان ‌و حكومەت دیاری بكرێت كە بۆ (دجلە الخیر) باشترە سا بەڵكو لاپەڕەیەكی نوێ هەڵدەدرێتەوە.

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP