بۆ خاتوو خانزادی شانەدەر
فەهمی بورهان 23/03/2021
ئەگەرچی ناوی تۆ ئێستا لە دونیا دژوارەکەی میدیاو سوشیال
میدیادا بە (شانەدەر زید) ناسراوە، بەڵام تۆ لە نەژادی پاکی ئەم نیشتمانەی ، لە قەومی نەجیبی کورد و خەڵکی ئەم خەرەندەی لای رواندزی ،٧٥ هەزار ساڵ
پێش ئێستا ماناکانی ژیان و داستانەکانی مانەوەت بۆ مرۆڤایەتی نوسییەوە و چاندی وەرزێری
و چاندی فەرهەنگت پەخشکرد .
ئێستاش هەر تۆ جارێکی تر بویتەوە بە لانکی شارستانی و مرۆڤایەتی
بۆ دۆزینەوەی مانا قوڵەکانی ژیان و ئاوەدانی دەبێ بگەڕێینەوە بۆ لای تۆ، خاتوو شانەدەر ئاگاداری نەوەکانت لە جەوری مێژوو بە جنۆکە و عفریت دەناسرێن و خاک و کێڵگەو کانیت دابەشی چوار
کراوەو زمانەکەت یاساخ و پۆشاکەکەت جورم و باسی مێژووشت تاوانە.
تۆ ئەزانیت کەرکوک و عەفرین
و قامیشلۆو ئامەد و کرماشان بێ نازو لە قەفەزی دیلیدان ؟ ئای خاتوون خۆزگە ئاگات لەم بێ کەسی و تەنیایە کورد ئەبوو
، خۆزگە ئاگایەکیشت لە بێ مروەتی ناوخۆیی و لێکترازانی ناو ماڵی خۆشمان ئەبوو!