Alternate Text

مێژووی شکست و دۆڕاوترین شاهەکانی مێژوو لە ئێراندا!

ماجد خەلیل ‌ 23/03/2021

ڕەنگە فارسەکان لە فۆڕم و فۆنەتیک و فەلسەفەی ناولێناندا ناسنامەیەک لە گیرفانیاندا بێت، ناسنامەیەک هیچ دیژبانییەکی لۆژیک لایان لێنەکاتەوە.
بە هەوانتە بیسمللا یان سەڵاوات بۆ هیچ ئال و بەیتێک نانێرن، گەر نەزانن تیکەیەکی چەور و چززەیەکی ساجی لێ سورنەکراوەتەوە.
بەهەوانتەش نەوتراوە، لەبەرامبەر(مەکری عەجەم)دا هەر عەشقبازی و دڵدارییەک دەستیی لەبنی هەمبنانەی (هۆش و هەچچەکردنە)وە دەردەچێت.
هەڵبەتە (مەکری عەجەم) وایش نییە و وایشە:
یەکەم:
مەکری عەجەم وایش نییە:
لە ئاوێنەی ئەو مێژووەدا، خۆتان وەکیل بن، لەهەر گۆشەیەکی مێژووی ئێرانەوە بڕوانین، یەکپارچە یادەوەریی کەلتوورێکی کەساد دەبینین لە ئابووری و ئازادی و سیاسەتدا، یەکپارچە یادەوەریی لەشکرێکی دۆڕاو و دەستلەسەر شان دێتەپێشچاومان، لەوێ لیکی باکڵاس و نوبەللاکانی تاران تەماشا دەکەین، چۆن لەبۆ سڵاوێکی سەرقونسوڵ و سیاسییەکی تڕکەنی ڕووس و فەڕەنگ و ئینگلیز ئەجداد و ئابادیان ئەفرۆشن.
نا، نەخەڵەتێن، لە مێژووی منداڵدانیاندا میهەنپەرستێک ملی دەرنەهێناوە. ئەوان لە چاوی ئێمەدا پاڵەوانباز و ڕۆسەم و گودرزی گورز بەدەستن، لەچاوی ڕوس و فەڕەنگدا فریای هەڵکێشانەوەی دەرپێ جێماوەکانی جۆرجیا و قەوقاز و هەڕاتیان نەکەوتن.
کامەیە مەکری عەجەم؟ فەتح عەلی شا باڵابەرزترین بەژن و بریقەدارترین سمێڵی لە لاکانەوە وەک کلکی دوپشک خستبوویە سەر شانی. فەتح عەلی شا شاسوارترین شکۆی قاجار و قایمترین تێڵای ناو دەستی سنوورەکانی ئێران بوو. کەچی لە ئاکامی چارەکە سەدەیەک جەنگ لەگەڵ ڕووس و ئینگلیزدا، بەوپەڕی مەمنونییەوە، لە ڕێککەوتنی گوڵستاندا، گورستان، ئەرمەنستان، ئازەربایجان و هەرێمەکانی داغستان و نەخچەوان و تێکڕای لێواری دەریای ڕەش و قەوقازیان لە ئێران سەندەوە.
ئاخر کامەیە مەکری عەجەم، کامەیە شکۆی شاهانێک کە واژۆی ڕادەستکردنی (٢٥٠) هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکێک کە کۆرشی گەورە دەیوت:"کفنم لێ مەئاڵێنن، با زووتر تێکەڵی خاکی ئێران بم".
ئێستاش لە ئێراندا ئیدیۆمێک ئەهێننەوە، گوایا یەکێک لەناز و نیعمەتدا بژی، دەڵێن:ژیانێکی فەتح عەلی شاهانە دەژی.. کەوابوو کەلتووری بۆخۆت باش بژی و دنیا با هەرس بیبا، کلتورێکی عەجەمییە، ئەوان ئامادەبوون هەموو خاکی ئێران بە ئەسڵ و نەسەبییەوە تەسلیمی ڕوسێکی بێ نەسەب بکەن، بە قەولی خۆیان بێ دایک و بابن، تاوەکو خۆیان بتوانن لەگەڵ کچە ڕوسێکدا ڕابوێرن.
هەر ئەم فەتح عەلییە، ئەفسەرێکی فەڕەنسی بەناوی (گاسپارد درۆڤیل) لە یاداشتەکانیدا یادەوەری دەکات، کە:
فەتح عەلی حەرەمسەرایەکی هەموو کەمتر لە هەزار کچی تێدا نەبوو، بەس جا بەکەڵکی چی دێت، ئەزانن بەچی بەند بوو؟ ئەو بە مۆمیاوە بەندە، شلەیەکی ڕەشباوی قیرییە، لەدرزی بەردێکەوە دەتکێتە خوارێ، ئەم ماددەیە لەجیهاندا دەگمەنە، ئەو بەردە لەشوێنێ بەناوی نزار! دەڕژێت، فەتح عەلی دەیخوات، ئیتر ئاهێکی بەبەردا دێتەوە و دەتوانێ لەتەک کچۆڵەیەکدا بنوێ.. فەتح عەلی هەستا بەدانانی پاسەوانی و پاڵەوانی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئەو درزە، بەجۆرێ لەسنووری وڵاتی ئێران پاسەوانێ نەبوو، ببوویە شوێن تەراتێنی تزار و ئینگلیز و فەڕەنگ. هەرچەند هەر تانە و تەشەریش لە پادشا کۆتایی نەهات، ناچار هەر کیژێ لەگەڵی بوایە، بۆ بەیانی بەوپەڕی نامەردییەوە سەنگەساریان دەکرد، تا عەیبە و عاری عەلی شا بپۆشێت!
دەمەوێ بڵێم:
ئەمانەی خۆیان بە میراتگری مەزنایەتی ڕابردوو دەزانن، ئەوە ڕابردووەکەیانە. ئەوە ئەسراری ئەو جیهانەیە کە لەلای ئێمە بە بازووی ڕۆستەمی زاڵ و حەکایەتەکانی فیردەوسیدا فوویان پێدا کردووە. نەخێر نەخەڵەتێن، ئەوان بۆخۆیان بەرزەفڕترین هەڵۆیان ئیسماعیل شای سەفەوییە، کە لەماوەی بیستوچوار کاتژمێردا وەها لە تەورێزدا تێیتەقاند و هەڵهات، ژنەکەی کەوتە دەستی سەلیم یاوز، ئەویش بۆ ئەتک خستە کن گەوڕەوانێکی گەڕۆڵەی خۆی. ئەمانەی کە تیۆر و فەلسەفەی مێژوویان سەفەوییەکان دایانڕشت، ئەو بوونەوەرانەن کە پیاوەنەخۆشەکەی عوسمانی بەو نەخۆشییەوە فەلاقەی ڕۆحیانی دەکرد.
نا نەخەڵەتێن، ئەمانە ئەوەش نین، لەمێژووی بەشەرییەتدا ڕێککەوتنی شەرمەزارکەری وەکو گوڵستان ١٨١٣ و تورکمانچای ڕووینەداوە، لەمێژووی بەشەریەتدا نەبووە، سەرۆک وەزیرانی وڵاتێک کە نیو ملیۆن چەکداری لەسنوورەکاندا بێت، کەچی بە بیجامەوە لەماڵ دەریان هێنا و وتیان:با ڕەزا شا لە تەختی پاشایەتی لابەرین و کوڕەکەی بخەینە شوێنی. با باوکی دوورخەینەوە و کوڕەکەی پاشا بێت.. بۆخۆیان دەڵێن: لە مێژووی بەشەریەتدا، مرۆڤی هێندە بێعارمان نەدیوە، بەوپەڕی موڕتاحییەوە لەشوێنی باوکی دانیشت، بەو پەڕی بێعارییەوە واژۆی کرد جارێکی تر باوکی ئێران نەبینێتەوە..
دووەم:
مەکری عەجەم وایە..
ئێستا ئەمانە، ئەم تاڵوت و جاڵوتانە، ئام دەبەتولئەرزانەی دنیای نوێ، بە درۆن و چی و چی، بەو چەکانەی کە هێشتا سەریان لە کۆمپانیای دروستکردن دەرنەهێناوە ئەمان تەڕح و دیزاینەکەی دەدزن، ئەم چەتانەی چارەنوسی چەپێنراوی میللەتێکی شێست ملیۆنی، ئەوانەی لە ڕابردوویاندا بێ لە ڕێگریی و بێ لە لۆژیکی خاکفرۆشی و بێ لە خیانەتی ژێربەژێر و ژەهری ژێرپیاڵەی شارستانیەتی ئەمڕۆی جیهان هیچی تر نەبوون.
ئێستا ئەوان، بەمەکرێکی غەددارەوە، بو هەموو گرێ سایکلۆجییەی ناخیانەوە، بەو هەموو مەرگدۆسیەی کلتوریانەوە، بەو هەموو شیوەن و شەللاقکارییانەی گەردنیانەوە گەرەکیانە ئێرەی هەرێم، ئێرەی باشوور، ئێرەی هەولێر و سلێمانی، ئێرەی ئازادی و خەونی سەربەخۆیی بکەنە بابەت و پینەی دۆڕانەکانیان.
ئەوان لە ڕابردوودا، لە ڕۆحی حیوار و حەکایەتی دیموکراسیدا، لە لێواری لۆژیکی سەردەمەوە هاتن، هاتن و گەرەکیان بوو گەڕی قومار و قوتدانی چارەنوسی نەتەوایەتی کورد تاقیبکەنەوە، بەڵام نەیانتوانی، ناچار، بە نەریتی سواوی غەدر و خیانەت، بە بێبەڵێنی و شکانی پەیمانەوە پێیانگرت، هاتن، وەکچۆن لە دانوستاندا سمکۆی شکاکیان کوشت، بەوجۆرەش لەسایەی سەردارێتی ئەم تەڵەکەبازییەی تامی سەدەکانی ناوەڕاستدا، قاسملۆ و شەرەفکەندییان خەڵتانی خوێنکرد....