جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی كەلار: گرفتی دارایی بۆ بەشێكی زۆری كارمەندانمان درووستبووە

کوردستان 11/09/2023

لەلایەن: زامۆ بەکر

Alternate Text

ئەركان محەمەد رەشید، جێگری بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی كەلار رایگەیاند، هەمیشە بیریان لە مرۆڤدۆستی كردووەتەوە، بەڵام ناتوانن فشاری زیاتر لەسەر كرمەندانیان بكەن، چونكە بەشێكی زۆری كارمەندانیان گرفتی داراییان بۆ دروست بووە  بۆیە بایكۆتیان كردووە.
جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی كەلار لە لێدوانێكدا سەبارەت بە بایكۆتی كارمەندانی نەخۆشخانەكەیان بە پەیامنێری BMC راگەیاند:" وەك تەواوی دەستەی كارگرێڕی نەخۆشخانە و كارمەندان و پزیشكانیشمان، هەمیشە بیرمان لە مرۆڤدۆستی كردووەتەوە، چونكە نەخۆشخانەی كەلار گەورەترین ناوەندی تەندروستییە لە سنووری گەرمیان و ناوچە دابڕاوەكان".
وتیشی:" رۆژانە 700 تا 800 هاوڵاتی سەردانی 23 بەشی نەخۆشخانەكەمان دەكەن، لە ساڵی 2014 تا ئەمڕۆ بەبێ گوێدانە باری دارایی و بارودۆخی كارمەندان و پزیشكانمان، ئێمە خزمەتی هاوڵاتیانی خۆمانمان كردووە، بەڵام بەشێكی زۆری كارمەندانمان دەڵێن، چیدیكە قووتی ماڵ ومنداڵەكانمان بۆ دابین ناكرێت بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆریان كرێچین و مووچەكانیان كەمە و هاتوچۆ دەكەن".
ئاماژەی بەوەشكردووە:" بارودۆخەكە تەنها یەك بۆ دوو فەرمانبەرێك نییە، بەڵكو ئێمە زیاتر لە 250 فەرمانبەرمان هەیە لە نەخۆشخانەكەمان، كە بە گرێبەست و خۆبەخشەوە دەگاتە نزیكەی 350 فەرمانبەر، رۆژنە لە نەخۆخشانەكەمان 20 بۆ 30 نەشتەرگەری ئەنجامدەدرێت كە بارگرانی لەسەر شانی بەشێك لە هاوڵاتیانی سنوورەكە كەمكردووەتەوە بەوەی پەنا بۆ نەخۆشخانە تایبەتەكان بەرن".
باسی لەوەشكردووە:" تەواوی بەشەكان بەشێوەیەكی گشتی بایكۆتی دەوامیان كردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی پێمان راگەیاندوون كە پێویستە لەگەڵ هەر باشتربوون و بەرەوپێچوونی بارودۆخەكەدا بگەڕێنەوە بۆسەر ئەركەكانیان، بەڵام ناتوانین فشاری زیاتر لەسەر كارمەندانمان بكەین بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆری كارمەندانمان كێشەی داراییان بۆ دروستبووە".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا