پارێزگاری سلێمانی پەیامێکی لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێم و
دواخستنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە بڵاوکردەوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگای سلێمانی رایگەیاند:" بە بارمتەگرتنی خەڵک و خاک و ژیان و
کارو بژێویی و مووچە و بودجەی خەڵکی کوردستان، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوەند و بە
کەمتەرخەمیی و سەرکەشیی و بێباکیی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و بە
دەستتوەردانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی، تەواوکردنی جینۆسایدی خەڵکی کوردستان و
زیادکردنی ئیکۆساید و ئیکۆنۆمیکساید و بایۆسایدە بۆ پڕۆسەی پاکتاوکردنی رەسەنترین
دانیشتووانی سەر ئەم زەمینە و لەباربردنی ئارامیی دەرونیی تاک و ئاسایش و ئاشتیی
کۆمەڵایەتیی و سەقامگیریی گشتییە".
ئاماژەی
بەوەشکرد:" چارەسەرنەکردنی کێشە و قەیرانە قوڵەکانی دارایی و ئابوریی لە 10
ساڵی رابردوودا و بە ئێستاشەوە، گەورەترین زیانی بە خەڵکی کوردستان و دامودەزگاکان
و خزمەتگوزارییە گشتییەکان گەیاندووە، پاشەکەوت و لێبڕین و کەمکردنەوە و
خەرجنەکردنی مووچە لە رۆژژمێری مانگانەی خۆیدا، پابەندیی کارگێڕیی ناهێڵێت و
بایکۆتی ناچاریی دەهێنێتەکایەوە و راژە و خزمەتگوزارییەکان پەکدەخات و مانایەک بۆ
دامەزراوە حکومییەکان ناهێڵێتەوە و زیانی گەورەیش لە کەرتی تایبەت دەدات،
پەیوەندیی و متمانەی نەک تەنها خەڵک بە حکومەت ناهێڵێت، بەڵکو پابەندیی و
پەیوەندیی و متمانەی فەرمانبەرانیش بە خودی حکومەت لەبەیندەبات، شیرازەی خێزان
دەپچڕێنێت و واتا بۆ هیچ شتێک ناهێڵێتەوە".
باسی
لەوەشکرد:" پێشتر دەمانووت، داهات و دارایی و مووچە و بودجە تێکەڵی ململانێ
سیاسییەکانتان مەکەن، نەتانبیست، ئێستا کە تێکەڵتان کردووە، دەبێت ئیرادە و
توانستی ئەوەتان هەبێت کە بە خێرایی لە ڕووی سیاسییەوە چارەسەری بکەن".
هەڤاڵ ئەبوبەکر
داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێم کرد:" دەست لە قۆرخکردنی داهاتی گشتیی هەڵبگرن
و دەستبەدابەشکردنی مووچە و بودجە خزمەتگوزارییەکان بکەنەوە و کۆتایی بە
بەتاڵکردنی کاسەی ماڵان و بەتاڵانبردنی داهات و سامانی گشتیی بێنن، بۆ ئەوەی واتایەک
بۆ حوکمڕانیی و ئاشتیی و ئاسایش و ئابوریی و ئاوەدانیی بگەڕێتەوە".