بزوتنەوەی گۆڕان: پێویستە دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت

کوردستان 24/03/2024

لەلایەن: هەردی فارووق

Alternate Text

دوای سەردانی شاندێکی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆلایان، بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت پێویستە دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی موچە بکرێت.

لە بڵاوکراوەیەکدا، میدیای بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند کە ئەمڕۆ شاندێکی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ، بە مەبەستی گەیاندنی پەیام و ناڕەزایی ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سلێمانی، سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان یان کردووە و چاویان بە عومەر سەید عەلی و باژێروانی سلێمانی و ژووری حکومەت کەوتووە.

لەو دیدارەدا، عومەر سەید عەلی، وتوویەتی کە بزوتنەوەی گۆڕان بە پێویستی دەزانێت، چیتر دابەشکردنی موچە دوانەخرێت و بەو داهاتەی لەبەردەستی حکومەتی هەرێمدایە دەست بە دابەشکردنی بکرێت، سەبارەت بە میکانیزمەکانی تەوتین و هەژماری من. جەختی کردەوە کە پێویستە میکانیزمەکانی بە ئەلیکترۆنیکردنی موچە، نەکرێنە لەمپەر لەبەردەم دابەشکردنی موچە و بارگرانی زیاتری ژیانی خەڵک و موچەخۆران.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ شەممە، ئاوات شێخ جەناب، کە وەزیری دارایی هەرێمی کوردستانە لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان، رایگەیاند کە لە حکومەتەوە بڕیاریانداوە تا ئەوکاتەی بەغدا تەواوی پارەی پێویست دەنێرێت، دەست بە دابەشکردنی مووچە نەکەن، بەوەش پەیامێکی پێچەوانە لە لێدوانەکانی وەزیری دارایی و بزوتنەوەکەدا درووستبووە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا