حەماس بە پێشنیاری ئاگربەستی سێ قۆناغی رازی بووە

جیهان پێش 4 هەفتە

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرای دەکەن، بزوتنەوەی حەماس بە دواین پێشنیاری ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست رازی بووە، بەڵام چەند مەرجێکیشی هەیە.
تۆڕی جەزیرە لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە:" بزوتنەوەی حەماس چوارچێوەی پێشنیارکراوی ئاگربەستی سێ قۆناغی پەسەندکردووە، کە هەر قۆناغێک 42 رۆژ دەخایەنێت، هەروەها مەرجی حەماس بۆ ئاگربەستەکە ئەوەیە کە لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکەدا هێزەکانی ئیسرائیل پاشەکشەیەکی زۆر بکەن".
ئاماژەی بەوەشكرد:" مەرجێکی دیکەی حەماس بۆ رازیبوونی بە ئاگربەستە سێ قۆناغییەکە ئەوەیە، لە قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکەدا و پێش ئەوەی دەست بە ئاڵوگۆڕی بارمتەکان بکرێت، هێزەکانی ئیسرائیل بچنە دەرەوەی کەرتی غەززە".
باسی لەوەشكرد:" پێشنیاری حەماس بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتەکان ئەوەیە، لە بەرامبەر هەر بارمتەیەکی مەدەنی ئیسرائیل 30 بارمتەی مەدەنی فەڵەستین ئازاد بکرێت، لە بەرامبەر هەر سەربازێکی ئیسرائیلیش دەبێت 50 بارمتەی فەڵەستین ئازاد بکرێت".
ماوەی زیاتر لە شەش مانگە شەڕ لەنێوان بزوتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل دەستیپێکردووە و بەهۆی ئەو شەڕەشەوە، زیاتر لە 33 هەزار کەس کوژراون.
سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی وڵاتانی دەرەکی، بە درێژایی شەش مانگی رابردوو تەنها یەکجار ئاگربەست لەنێوان حەماس و ئیسرائیل راگەیەندراوە و رێککەوتن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکانی نێوانیان کراوە، تەمەنی ئەو ئاگربەستەش تەنها هەفتەیەک بوو.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا