موسەننا ئەمین: دەبێت مووچە لە بانکێکی فیدراڵی جێگیربکرێت

کوردستان پێش 2 هەفتە

Alternate Text

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بانکێکی فیدراڵی جێگیربکرێت.
موسەننا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاد:" رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لەگەڵ جاسم عومەیری سەرۆکی دادگای فیدراڵی لەپێناو دوو ئامانجی سەرەکی کۆبووینەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد:" بە سەرۆکی دادگای فیدراڵیم وت، ئەگەر نوێژەکانی بکات و تاوانی گەورە ئەنجام نەدات دەچێتە بەهەشتەوە چونکە دڵی خەڵکی هەرێمی زۆر خۆشکردووە".
باسی لەوەشکرد:" یەکێک لە ئامانجەکانی کۆبوونەوەکەمان زیندانیانی سیاسی و خانەنشینان و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بوو، بە ناوبراومان راگەیاند، کە داواکاریمان هەیە ئەو کەیسانەش بگەیندرێنە ئەنجام، سەرۆکی دادگای فیدراڵیش وتی، هاوڵاتییانی هەرێم لای ئەوان لەپێشینەن و ئامانجیان سوودمەندبوونی خەڵکی هەرێمی کوردستانە".
موسەننا ئەمین وتیشی:" سەرۆکی دادگای فیدراڵی داوایکرد جارێکی دیکە کۆبینەوە و باس لە پلەبەرزکردنەوە و وارسی شەهیدان و چەند بابەتێکی دیکەی بکەین، ئەگەر پێویستی بە سکاڵا بوو سکاڵاش تۆمار دەکەینەوە".
روونیشیکردەوە:" بابەتی یەکلاییکردنەوەی سێ مووچە نەدراوەکەی ساڵی رابردوو لە تایبەتمەندی کارەکانی دادگای فیدراڵی نییە، هەروەها دەبێت مووچەی هاوڵاتییان لە بانکێکی فیدراڵی جێگیربکرێت".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا