بەهۆی رژانی نەوتی رەشەوە، رێگای کۆیە – دوکان بە رووی
شۆفێراندا داخرا و تیمە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەدان.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند:"
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە جۆری تانکەت تایبەت بە
گواستنەوەی سووتەمەنی، قوفڵی بەتاڵکردنەکەی کرایەوە و بەوهۆیەشەوە رێژەیەکی زۆر لە
نەوتی رەش رژاوەتە سەر رێگای کلکە سماق".
باسی لەوەشکرد:" لە ئەنجامی رووداوەکە رێگای ئاماژەپێکراو
داخراوە بە رووی شۆفێراندا و لە ئێستادا تیمەکانی هاتووچۆی کۆیە و بەرگری شارستانی
سەرقاڵی خاوێنکردنەوەی رێگاکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد:" دوای پاککردنەوە و شوشتنی،
دووبارە رێگاکە بە رووی شۆفێراندا دەکرێتەوە، بۆیە داوا لە شۆفێران دەکەین ئارام بگرن
و دەتوانن رێگای سماقۆڵی یان هەیبەی سوڵتان بەکاربهێنن".