ناوەڕۆکی رێککەوتنە 10 ساڵییەکەی عێراق و تورکیا لە بواری ئاودا

عێراق پێش 1 هەفتە

Alternate Text

لە سەردانەکەی ئەمڕۆی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق، رێککەوتنێکی 10 ساڵی لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆکرا، لێرەدا وردەکارییەکەی ئاشکرادەکەین.

ئەمڕۆ دووشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە، لەو میانەدا چەند رێککەوتنێک لە نێوان هەردوولادا واژۆکرا، کە یەکێک لەوانە لەبارەی ئاوەوە بوو.

لەسەر بنەمای یەکسانی و نیازپاکی

لە بارەی رێککەوتنی پەیوەست بە سامانی ئاو، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، ئامانج لە رێککەوتنەکە گەشەپێدانی رێگەکانی لێکتێگەیشتن و هاریکارییە لە بواری ئاودا، ئەویش لەسەر بنەمای یەکسانی و نیازپاکی، لە هەمان کاتیشدا دانانی روانگەیەکی نوێیە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ژێرخانی ئاو و وەبەرهێنان لەو سێکتەرەدا لە عێراق.

پشکێکی دادپەروەرانە و یەکسانی ئاو بگاتە عێراق

باسی لەوەش کردووە، رێککەوتنەکە خۆی دەبینێتەوە لەوەی پشکێکی دادپەروەرانە و یەکسانی ئاو بگاتە عێراق، کە ئەو ئاوە بە شێوەیەکی کاریگەر بەکاربهێندرێت.

بۆ باشترکردنی ئیدارەدانی ئاو

نوسینگەی سودانی دەشڵێت، پێکەوە هەردوو وڵات هەماهەنگی دەکەن بۆ پڕۆژەی هاوبەش بۆ باشترکردنی ئیدارەدانی ئاو لە حەوزی هەردوو رووباری دیجلە و فورات، بۆ ئەوەش بانگهێشتکردنی کۆمپانیا تورکییەکان بۆ کارکردنی پێکەوەیی لە بنیاتنانی ژێرخانی پڕۆژەکانی ئاوداری.

ئاڵوگۆڕی شارەزاییەکان لە بەکارهێنانی سیستەمە نوێیەکاندا

هەروەها، ئاماژە بەوەش کراوە، بەهۆی رێککەوتنەکەوە، ئاڵوگۆڕی لێهاتووی و شارەزاییەکان دەکرێت لە بەکارهێنانی سیستەم و تەکنیکە نوێیەکانی ئاوداری.

رێکەوتنەکە بۆ ماوەی 10 ساڵ کاری پێدەکرێت

بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەم رێککەوتنە بۆ ماوەی 10 ساڵ کاری پێدەکرێت، دواتریش بە رەزامەندی هەردوولا و بە رێککەوتن نوێدەکرێتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا