سلێمانی،، مەراسیمی دابەشكردنی خەڵاتی زێڕینی بلە بەڕێوەچوو

هەمەرەنگ پێش 1 هەفتە

Alternate Text

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی مەراسیمی دابەشكردنی خەڵاتی زێڕینی بلە بەڕێوەچوو، کە 10 کەسایەتی کورد خەڵاتەکەیان بۆ ساڵی 2024 پێبەخشرا.

 خەڵاتی زێڕینی بلە،  ساڵانە و لە ساڵیادی کۆچیدوایی، ئیبراهیم ئەحمەد، سیاسەتمەدار و نووسەری گەورەی کورد، بەو کەسایەتییانەی کورد دەبەخشرێت کە لە بوارەکانی خۆیاندا کاریگەرییان هەبووە و جێپەنجەیان دیاربووە، کە هەموو ساڵێکیش وەرگرانی لە چوار پارچەی کوردستانەوە دەبن.

بۆ ئەمساڵی 2024، خەڵاتە بەخشرایە هەر یەک لە:

 1-ئیبراهیم ئەمین باڵدار، نووسەری کتێبی (ئەلف و بێی کوردی) کە لە ساڵی 1949 ئامادەکرا و دوای دوو ساڵ چاپکرا.

2-عەلی ئەکبەر مورادی، هونەرمەندی دیاری کورد، کە لە ساڵی 1957 لە ناوچەی گۆرانی سەر بە کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە و بە پارێزەری مەقاماتی تەمبوور دەناسرێت.

3-د. ئەختەر نەجمەدین شەمسەدین، لە ساڵی 1941 لە دێی جافەران هاتووەتە دنیاوە، خاوەنی خزمەتێکی زۆر لەبواری هاوکاریکردنی توشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی.

4-ناسری رەزازی، پێشمەرگە، هونەرمەند و نووسەر، لە ساڵی 1955 لە جەورئاوای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە کە دەنگێکی دیاری کوردستانە.

5-خالید جاف، نووسەری کتێبی (لە زاری بەڵگەنامەوە)، کە تێیدا 1489 بەڵگەی بە وێنەوە بڵاوکردووەتەوە و کوردستانیبوونی کەرکوکی تێدا سەلماندووە.

6-سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی، لە ساڵی 1882 لە گوندی سەڵاواتئاوای سەر بە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، کە مامۆستای مەقام بووە و هونەرمەندێکی رەسەنی کوردستانە.

7-فەهیمە محەممەد ئەمین ناسراو بە (حاجی فەییم) لە ساڵی 1947 لەگوندی رەباتی سەر بە سەنگاو لەدایکبووە، لەشاڵاوی ئەنفالدا 52 کەس لە بنەماڵەکەی لەدەستداوە و یەکێکە لە ناسنامە زیندوەکانی تاوانی ئەنفال.

8-د. شێرکۆ عەبدوڵڵا، تەنزنووس و وەرگێڕی کورد، لە ساڵی 1956 لە سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی 1979 کۆلێجی پزیشکی لە زانکۆی موسڵ تەواوکردووە، ئێستاش لە بڵاوکردنەوەی بابەتە تەنزئامێز و رەخنەئامێزەکانی بەردەوامە.

9-د جوان حەمی پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری و شکاوی،لە کاتی سەرهەڵدانی رێکخراوی تیرۆرستی داعشدا، یەکێک بوو لەو پزیشکانەی لە بەرەی جەنگدا چارەسەری پێشمەرگەی دەکرد لە رۆژئاوای کوردستان، دواتریش خۆی گەیاندە شەنگال.

10-عەلی بەدرخان، یەکێک لە ناوە دیارەکانی بنەماڵەی بەدرخان، لە ساڵی 1946 لە قاهیرەی پایتەختی میسڕ لەدایکبووە، سینەماکاری دیاری کوردستانە و چەندین فیلمی گرنگی بەرهەمهێناوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا