ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

کوردستان 26/10/2020

Alternate Text

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا چەند هێرشێکی تێکدەرانەیان لە هەرێمی کوردستان پووچەڵکردووەتەوە.

 

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی تشرینی یەکەم، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە،  لەچەند رۆژی رابردوودا چەند هێرشێکی تێکدەرانەیان لە هەرێمی کوردستان پووچەڵکردووەتەوە و چەندین کەسیشیان دەستگیرکردووە کە پەیوەندییان لەگەڵ گروپە تیرۆریستییەکاندا هەیە.

روونیشیکردووەتەوە، یەکێک لە هێرشەکان لە لایەن پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە) پلانی بۆ دانرابوو، دوازدە کەسی گومانلێکراو هەن کە پەیوەندییان پێیانەوە هەیە، هەروەها چەندین کەسی دیکەش تێوەگلاون کە لە چەند وڵاتێک نیشتەجێن لە نێویشیاندا ئەوروپا، کە پیلانی هێرشکردنە سەر کونسوڵگەرییەک لە هەولێر و تیرۆرکردنی دیپلوماتکارانی ناو کونسوڵگەرییەکە و پەلاماردانی کۆمپانیا تایبەتەکانی ئەو وڵاتەیان لە هەرێم داڕشتبوو.

ئاشکراشیکردووە، لە کەیسی دووەمدا، دوای زیاتر لە ساڵێک بەدواداچوون، تا ئێستا هەشت کەس دەستگیرکراون و هەموویان هاووڵاتی عێراقین. ئەم گرووپە هەوڵی تیرۆرکردنی پارێزگارێکی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی چەندین کاری توندوتیژییان لە هەرێم بە گشتی و پارێزگای دهۆک بەتایبەتی داوە.

هاوکات لە کەیسی سێیەمدا، پلانی کوشتنی بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری و دادوەرێکیان دابوو، گرووپەکە، زانیارییان لەگەڵ چەند لایەنێک لە نێویاندا پەکەکە، ئاڵوگۆڕکردووە.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم جەختیلەوەشکردووەتەوە، ئەم ئۆپەراسیۆنانە دەریدەخات کە هەڕەشەیەکی بەردەوام لە سەر ئاشتی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام هێزەکانی ئاسایش، چالاکانە ئەرکەکانیان رادەپەڕێنن و بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن، رەوشی ئارام و ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێکبدرێت.

 

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا