بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی سلێمانی : باشترین جۆری برنج لە بەشەخۆراکی مانگانە دابەشدەکرێت

کوردستان 22/09/2022

Alternate Text

بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی سلێمانی رایگەیاند، ئەو برنجەی لە بریکارەکانی خۆراک دابەشدەکرێت تایلەندییە و باشترین جۆرە، دەشڵێت، بەهیچ شێوەیەک ماددەی خراپ لە بەشەخۆراکی مانگانە دابەشناکرێت.
شەوکەت محەمەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "هەر هاوڵاتییەک مانگانە بڕی حەوت کیلۆ ماددەی خۆراکی بۆ دابیندەکرێت کە خۆی لە شەش بۆ حەوت مادەدا دەبینێتەوە و بریتیین لە سێ کیلۆگرام برنج، یەک کیلۆگرام شەکر، یەک بتڵ زەیت، ٥٠٠ گرام فاسۆلیا، ٥٠٠گرام لەتکەنۆک، ٥٠٠ گرام نیسک".
ئەوەشی خستەڕوو:" سەرباری ئەوەی کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی خۆراکی سلێمانی کەمە، هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی بتوانین لە وادەی خۆیدا بەشە خۆراکی مانگانە بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشبکەین".
سەبارەت بەو دەنگۆیانەشی گوایە ماددە خۆراکییەکان کوالێتییان خراپە باسیلەوەشکرد:" هەر ماددەیەکی خۆراکی کوالێتی خراپ بێت، دابەشی ناکەین یاخود دەیگۆڕین، بەڵام هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ کام لە ماددە خۆراکییەکان خراپ نین".
شەوکەت محەمەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی سلێمانی جەختیشیکردەوە:" ئەو برنجەی لە بەشەخۆراکی مانگانە دابەشدەکرێت تایلەندییە و یەکێکە لە باشترین جۆرەکانی برنج".
روونیشیکردەوە:" هاوشێوەی عێراق تاوەکو ئێستا تواندراوە لە هەرێمی کوردستان شەش بەشە خۆراکی مانگانە دابەشبکرێت و دەستیشکراوە بە دابەشکردنی بەشە خۆراکی حەوتەم".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا