كشتوكاڵی كەلار دەستپێكردنی پڕۆژەیەكی "گەشتوكاڵی"ی تایبەت رادەگەیەنێت كە چەندین هەلی كار دەڕەخسێنێت

کوردستان 28/08/2023

لەلایەن: زامۆ بەکر

Alternate Text

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەلار رایگەیاند، چەندین پڕۆژەی تایبەت لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەیان كاری لەسەر دەكرێت و بەشێكیان پڕۆژەی تەواوكارین و ئەگەر بە تەواو بكرێن هەلی كار بۆ دوو هەزار كەسی سنوورەكە دەڕەخسێنن و لە نوێترین پڕۆژەشیاندا دەیانەوێت كەرتی كشتوكاڵ و گەشتیاری پێكەوە ببەستنەوە.
سامان ئەحمەد محەمەد، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەلار بە پەیامنێری BMC راگەیەند:" لە پێناو بووژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ و رەخساندنی هەلی كاری زیاتر، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا دەیان زەویمان بۆ پڕۆژە كشتوكاڵییەكان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی گەرمیان رەخساندووە و پڕۆژەی شیرەمەنی كەلار كە لەسەر رووبەڕووی 300 دۆنمە سوودێكی زۆری بە سنوورەكە گەیاندوو".
وتیشی:" چەندین پڕۆژەی تایبەتمەند هەیە كە بەشێوەیەكی بەرچاو خزمەت بە هاوڵاتیان و كەرتی كشتووكاڵی ئەم سنوورە دەگەیەنێت بەشێوەیەك پڕۆژەكان لە بەخێوكردنی ئاژەڵ، باخی خوورما، لە قووتونان و قارچك خۆیان دەبیننەوە و سوودجێكی ئێجگار زۆری بە كەرتی كشتوكاڵ و بوژاندنەوەی ئەم كەرتە گەیاندووە".
ئاماژەی بەوەشكردووە:" بەشێكی ئەم پڕۆژانە پڕۆژەی تەواوكارین و لە سەرەتایی دەستپێكی كارەكانیاندان و بەشێوەیەكی گشتی ئەگەر بێت و كارەكانی سەر ئەم پڕۆرژانە بەشێوەیەكی گشتی تەواو بكرێن ئەوا دەبنە هۆكارێك بۆ رەخساندنی هەلی كار بۆ زیاتر لە دوو هەزار گەنج و لاوی ئەم سنوورە".
لەسەر پرۆژەیەكی نوێ كە هەردوو كەرتی كشتوكاڵ و گەشتیاری پێكەوە لێكدەدات بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەلار رایگەیاند:" هانی وەبەرهەمهێنەرانمانداوە تا بێنە سنوورەكە و لە ئێستادا كار لەسەر پڕۆژەیەكی تایبەت دەكەن كە لە رووباری سیروانەوە نزیك بێت بەهۆی ئەوەی رووباری سیروان سەرچاوەیەكی باشە بۆ ئەوەی خزمەت بەم پڕۆژە نوێیە بكات و دەمانەوێت بیكەینە پڕۆژەیەكی گەشتوكاڵ و هەردوو كەرتی كشتوكاڵ و گەشتیاریش سوود مەندبن لەم پڕۆژەیە".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا