دوای ئەوەی شەوی رابردوو کارەساتێک تەواوی عێراقی هەژاند، کە باوکێک 12 ئەندامی خێزانەکەی کوشت، ئەمڕۆ زانیاری نوێ لەبارەی رووداوەکە ئاشكرابوو.
زانیارییە نوێیەکان ئاشکرای دەکەن، ئەو باوکە ناوی عەباس حەمزە بووە و لەدایکبووی ساڵی 1983 بووە، لە بواری خانوبەرە و بەڵێندەرایەتیدا کاری کردووە، لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانیش ئاشكرای دەکەن کە رووبەرووی زیان بووەتەوە و بەهۆیەوە ملیارێک و 400 ملیۆن دینار قەرزدار بووە.
لە رووداوەکەدا کە لە قەزای شەتولعەرەب روویداوە، ئەو باوکە هەستاوە بە کوشتنی 12 کەس لە خێزانەکەی، کە بریتین لە سێ کوڕ و سێ کچی، دایکی و هاوسەرەکەی، دوو برای و دوو کچەزای کە لە رەگەزی نێرن، دواتریش کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
ماددە هۆشبەرەکان تێوەگلاوە
هەروەها، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن کە لە رووداوەکەدا ماددە هۆشبەرەکان تێوەگلاوە و گومان دەکرێت بکوژەکە بەکارهێنەری ئەو ماددانە بێت.
بە چەکی کڵاشنیکۆڤ ئەنجامدراوە
لەلایەکی دیکەوە، مقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، تاوانەکە بە چەکی کڵاشنیکۆڤ ئەنجامدراوە و دواتریش بکوژ هەر بەو چەکە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
ناوی بەشێک لە قوربانییەکان: سێ کوڕ و کچی بە ناوەکانی کرار، عەلی، ئەحمەد، ئەزەل، عەواتف، رەقیە، دایکی بەناوی حەمدیە نەجم، هاوسەرەکەی کە ناوی حوسنە عەلی-ە، دوو برای خۆی بەناوەکانی محەمەد و حسێن.