كەلار.. لەسەر بازرگانیكردن بە سێ منداڵەوە زانیاری نوێ ئاشكرا دەكرێت

کوردستان 12/11/2023

لەلایەن: زامۆ بەکر

Alternate Text

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تاوانە رێكخراوەییەكان/نوسینگەی كەلار رایگەیاند، پاش ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ورد و لەسەر سکاڵای هاوڵاتییەک، تیمێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان توانویانە دایک و باوکێک دەستگیربکەن کە هەستابوون بە بازرگانیکردن بە سێ منداڵەکەیانەوە کە تەمەنیان لە نێوان سێ مانگ تا یەک ساڵاندابووە.
موقەدەم شاخەوان محەمەد رەشید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تاوانە رێكخراوەییەكان/نوسینگەی كەلار بە پەیامنێری BMC راگەیاند:" لەسەر سكاڵای هاوڵاتییەك كە چووەتە نوسینگەكەیان و پێی راگەیەندوون، منداڵێكی لە دایك و باوكێك كڕیوە، منداڵەكان چوونەتەوە لای باوك و دایكی خۆیان و پارەكەشیان بۆ نەگەڕاندووتەوە، هەروەها لەسەر داوای دادوەری لێكۆڵینەوە هەستاون بە دەستگیركردنی ئەو دایك و باوكە".
وتیشی:" پاش دەستگیركردنیان لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ ئەو دایك و باوكە دەستپێكردووە بەشێوەیەكی گشتیش دانیابەوەدا ناوە كە بەكۆی گشتی سێ منداڵایان فرۆشەتووە و ماوەی پێنج بۆ شەش ساڵە خەریكی ئەم كارەبوون كە بەپێی یاسا تاوانە".
باسی لەوەشكردووە:" ئەو سێ منداڵە لەكاتی بازرگانیكردن بە منداڵەكانەوە تەمەنیان بەشێوەیەكی گشتی سێ، 11 و ساڵێك بووە و بە بڕی ملیۆنێك دینار تا دوو ملیۆن و 445 هەزاربووە".
موقەدەم شاخەوان محەمەد ئاماژەی بەوەشكردووە:" لە لێكۆڵینەوەكاندا ئەو دایك و باوكە دانیان بەوەداناوە كە پاڵنەری سەرەكییان بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە بریتیبووە لە كێشەی مادیی و بەوتەی خۆیان نەیانتوانیوە بەخێویان بكەن و ئەو كەسانەشی كە ئەو منداڵانەیان لێكڕیون كەسانێك بوون كە منداڵیان نەبووە".
ئەمەش لەكاتێكدایە، لە  لە (2/11)ی ئەمساڵ ، وۆركشۆپێك دەربارەی پرسی بەرەنگاربونەوەی تاوانە رێكخراوەكان و بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە لە لایەن دەزگای سیید فاوندەیشن ئەنجامدرا و شێری گراهم تاڵەبانی، سەرۆكی دەزگای سیید فاوندەیشن، باسی لە بەرنامە و كاری دەزگاكەیانی كرد و ئەوەی خستەڕوو و رایگەیاند:" پێشتر لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین بە هەمان شێوە وۆركشۆپیان لە سەر پرسی رێگریكردن لە تاوانە رێكخراوەكان و بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە ئەنجامداوە".
پاشان، گفتوگۆی تێر و تەسەل لەسەر تاوانە رێكخراوەكان و بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە پێشكەشكرا و چەندین هەنگاو رێكاری گرنگ بۆ كاركردن لەو پرسەدا خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا