قوباد تاڵەبانی: متمانەی تەواومان بە توانای ژنان لەناو هێزی پێشمەرگەدا هەیە

کوردستان 25/02/2024

لەلایەن: هەردی فارووق

Alternate Text

لە میانی سەردانیکردنی کۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، متمانەی تەواومان بە توانا و لێهاتوویی ژنان هەیە لەناو هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی کۆلیژی سەربازی قەڵاچوالانی کرد و  لەگەڵ ئەفسەران و خوێندکارانی ژنی کۆلێژەکە کۆبووەوە.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، قوباد تاڵەبانی رۆڵی سەرۆک مام جەلالی لە کردنەوەی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان بەرز نرخاند و وەبیری هێنایەوە کە سەرۆک مام جەلال گرنگی تایبەتی دەدا بە بەشداریکردنی ژنان لە خولەکانی پێگەیاندنی ئەفسەرانی ژن لەناو هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکاندا.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، ژمارەیەکی زۆر ئەفسەری دەرچووی ئەم کۆلێژە لە کوردستان و عێراق لەپێگەی گرنگن و خزمەت دەکەن، پێشتر عەقڵییەتێک هەبوو کە کۆسپ بوو لە بەردەم بەشداریکردنی ژنان لەم جۆرە خولانەدا، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ئێستا ئەو عەقڵییەتە بەرەو کاڵبوون رۆیشتووە و دەبێت بە تەواوەتی نەهێڵرێت.

وتیشی:" متمانەی تەواومان بە توانای ژنان هەیە لە ناو هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەدا"، داواشیکرد ژنان زیاتر خۆیان ماندوو بکەن لە پەرەپێدانی توانا و شارەزایی خۆیان لەناو هێزە ئەمنییەکاندا.

هەر لەو سەردانەدا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، ئێمە هێزێکمان دەوێت کە بە شێوەیەکی پیشەیی بەرگری لە خاک و هاوڵاتییانی کوردستان بکات، هێزمان بۆ ئەوە ناوێت کە غەدر لە هیچ کەس و لایەنێک بکات.

لە کۆتاییشدا وتی:" ژنانی کورد بەوە ناسراون کە هەمیشە شانبەشانی پیاوان بەشداربوون لە بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان، هەربۆیە پێویستە لەمەودوا زیاتر کاربکرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداری ژنان لەناو هێزە ئەمنییەکاندا".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا