وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی: 28ی ئەم مانگە كۆتا وادەی لێخۆشبوونەكەیە

کوردستان 26/02/2024

لەلایەن: زامۆ بەکر

Alternate Text

وتەبێژی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی زانیاری لەبارەی وادەی كۆتاییهاتنی وادەی لێخۆشبوونی سەرپێچییەكانی هاتوچۆ و چەند دەنگۆیەك روونكردنەوە دەدات.

 عەقیدی هاتووچۆ بەختیار محەمەد، وتەبێژی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێكدا رایگەیاند:" بڕیاری لێخۆشبوونی تایبەت بە سزای سەرپێچی هاتووچۆ كە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە دەرچوو، 28ی ئەم مانگە كۆتایی دێت و ئەم قەرەباڵغییەی ئێستا دروستبووە هۆكارەكەی بۆ درەنگ هاتنی هاوڵاتیان بووە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكەمان".

وتیشی:" تەواوی كارمەندانمان بەبێ وەستان لە جێبەجێكری كارەكان و راییكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان بەردەوامن و تەواوی هەوڵیخۆیان دەدەن بۆئەوەی كارەكانی هاوڵاتیان رایبكەن، لێخۆشبوونەكە لە 20% بووە و لە ئێستاشدا وەك ئاگادارن بەڕێوەبەرایەتیمان زۆر قەرەباڵغە".

ئەوەشیخستەڕوو:" دەنگۆیەك هەیە كە گوایە ئەم بڕیارە لەدوای وادەكەی خۆی دەبێتە دوو هێندە، بەڵام ئەو دەنگۆیانە راستنین و لە ئەگەری درێژكردنەوەی وادەی لێخۆشبوون ئەوا بە فەرمی رایدەگەیەنین".

روونیشیكردووەتەوە:" تا ئێستا بەشێوەیەكی فەرمی هیچ بڕیارێك نییە بۆ درێژكردنەوەی وادەی ئەم لێخۆشبوونە نییە و تا ئێستا ئەوەی بوونی هەیە ئەوەیە 28ی ئەم مانگە وادەكەی كۆتایی دێت".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا