بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی
هەڵەبجە دەستگیرکردنی دوو کەسی بە تۆمەتی بریندارکردنی پێشمەرگەیەک راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی
هەڵەبجە رایگەیاند:" کە شەوی 12 لەسەر 13ی ئەم مانگە، لە نزیک گوندی
عەبابەیلێ دوو کەسی نەناسراو کە ماتۆڕسکیلێکیان پێبووە، تەقەیان لە پێشمەرگەیەک
کرد بە ناوی (ژ.م.غ) و بە سەختی برینداریانکرد، پاشان هەڵاتن".
ئاماژەی بەوەشکرد:"
دوای کردنەوەی دۆسیە و ریککاری لێکۆڵینەوە، تۆمەتباری یەکەم دەستنیشانکرا و
ناسرایەوە کە ناوی (گ.ج.ع)ە و تەمەنی 41 ساڵە و کارمەندی ئاسایشە و دانیشتووی
پارێزگای سلێمانییە، خزمی قوربانییەکەیە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی
دژەتیرۆرەوە دەستگیرکرا و دانی بە تاوانەکەدا نا کە شەوی رووداوەکە، بە ئۆتۆمبێلێکی
جۆری تۆیۆتا کراون شاهانە و ماتۆڕسکیلێک هاتوون بۆ هەڵەبجە و چاودێری
قوربانییەکەیان کردووە و دواتر تەقەیان لەو پێشمەرگەیە کردووە بە دەمانچە، هەروەها
نارنجۆکێکیان بۆ هەڵداوە و پاشان هەڵاتوون و ماتۆڕسکیلەکەیان لە نزیک هۆتێل هەڵەبجە
پاڵاس فڕیداوە و بە ئۆتۆمبێلێکە هەڵاتوون بۆ دەرەوەی شار".
باسی لەوەشکرد:" لە
ئێستادا هەردوو تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 و 31 لە یاسای
سزادانی عێراق راگیراون و لە بەشی پۆلیسی ناوشار، هۆکاری تاوانەکەش دەگەڕێتەوە بۆ
تاوانێکی دیکە کە لە ماوەکانی رابردوودا روویداوە".