پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، بەتۆمەتی تێزاب کردن بەئۆتۆمبێل و هەوڵی سوتاندنی ماڵێک سێ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە.
ئەمشەوی یەکشەممە، عەلی جەمال قدوری، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند:" دوای ئەوەی هاوڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکی فەرمانبەران لە قەزای کەلار سکاڵای هێنایە لای پۆلیس کەلەلایەن کەسانی نەناسراوەوە بە ماتۆڕسکیل کە دەموچاوی خۆیان داپۆشیوە هەوڵی سوتاندنی ماڵەکەی دراوە و تێزاب بە ئۆتۆمبێلەکەیدا کراوە و نامەی هەڕەشە ئامێز و فیشەکیان خستۆتە ماڵی برای سکاڵاکارەوە لەگەڕەکی شەهیدان قەزای کەلار، تیمێکی لێکۆڵینەوە پێکهێنرا.
لە وردەکاریدا دەڵێت، دەستبەجێ بنکەی پۆلیسی کەلار بەهاوکاری بەشی کامێراوانی بەشی پۆلیسی کەلار دەستیان بەلێکۆڵینەوە کرد و توانیان سێ تۆمەتبار کە ئەنجامدەری سەرجەم تاوانەکان بوون بەناوەکانی ( ا. ع . ح لەدایکبووی 1991) و (ش. ح. چ لە دایکبووی 2001) و ( ا. ح. م لەدایکبووی 2005) دەستگیربکەن.
پۆلیسی گەرمیان دەشڵێت:" لەئێستادا دانیان بە تاوانەکەدا ناوە کە پێشتر کێشەی زەوی و زار لەنێوانیان بووە و بەوهۆیەوە ئەو تاوانانەیان بەرامبەر سکاڵاکار ئەنجامداوە، لە ئێستاشدا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەکانی (345 و 430 و 477) بەندکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە".