حکومەتی هەرێم هۆشداری دەداتە هاوڵاتییان

کوردستان 18/03/2024

لەلایەن: هەردی فارووق

Alternate Text

حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە هاوڵاتییان و دەڵێت بارودۆخی كەشوهەوای هەرێمی كوردستان سەخت دەبێت.

ئەمشەوی دووشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری، زمانحاڵی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، بەپێی زانیارییەكانی ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و كارەسات و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم، شەپۆلێكی بارانبارین و هەورەتریشقەی بەهێز لە درەنگانی ئەمشەو دووشەممە و سبەی سێشەممە، لە تەواوی كوردستان روودەدات، زۆرترین بڕی بارانبارینیش لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین دەبێت، بەوەش ئەگەری هەستانی لافاو هەیە.

راگەیەندراوەکە بەم شێوەیە: بۆ زانیاریی زیاتری هاووڵاتییان، زۆرترین باران لەم كاتانەدا لە شارەكانی هەرێمی كوردستان دەبارێت:
هەولێر- 40 ملیم/ كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی سێشەممە تاكوو كاتژمێر 6ی ئێوارە.
سلێمانی- 40-55 ملیم/ دواینیوەڕۆی سێشەممە، تاكوو چوارشەممە.
دهۆك- 70 ملیم/ درەنگانی ئەمشەو دووشەممە، تاكوو شەوی سێشەممە.
هەڵەبجە-30-35 ملیم/ دواینیوەڕۆی سێشەممە تاكوو چوارشەممە.
گەرمیان-30-40 ملیم/ دواینوەڕۆی سێشەممە تاكوو چوارشەممە.
زاخۆ-80 ملیم/ درەنگانی ئەمشەو دووشەممە، تاكوو شەوی سێشەممە.
سۆران- 60ملیم/ بەرەبەیانی سێشەممە، تاكوو درەنگانی شەوەكەی.
ڕاپەڕین- 85 ملیم/ دواینیوەڕۆی سێشەممە، تاكوو چوارشەمە.

هەروەها حکومەتی هەرێم هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان کە پابەندی ئەم ڕێنماییانە بن:
1- لەو ناوچانەی نزمن و ئەگەری کۆبوونەوەی ئاو هەیە، دوور بکەونەوە و ئۆتۆمبێل ڕانەگرن.
2- بۆ دووربوون لە هەورەتریشقە، سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکرێت.
3- لە ڕێگە سەرەکییەکان هۆشیار بن و گەر زۆر پێویست نەبێ ڕێگەكان بەکار نەهێنرێن.
4- بە ڕێنمایی دەزگە خزمەتگوزارییەکان پابەند بن.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا