بەتۆمەتی هەڕەشەی بڵاوكردەوەی وێنەی كەسی؛ تۆمەتبارێك دەستگیركرا

کوردستان 19/03/2024

لەلایەن: زامۆ بەکر

Alternate Text

لەبارەی ئەو تۆمەتبارەی كە دەستگیركرا بە تۆمەتی ئەوەی داوای پارەی لە كچێك كردبوو تا لە بەرانبەردا وێنە كەسییەكانی بڵاونەكاتەوە، پۆلیسی سلێمانی روونكردنەوە دەدات.

 بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" لە لایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵ و بە هاوكاری بنكەی پۆلیسی بازیان، تواندرا تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەی كەسی لە كچێك كردبوو".

ئاماژەی بەوەشكردووە:" دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە كەسێك هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەی كەسی لە كچەكەی كردووە ئەگەر بڕی هەزار دۆلاری پێنەدات، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لە لایەن  مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵ و بە هاوكاری بنكەی پۆلیسی بازیان دەستگیربكرێت".

باسی لەوەشكردووە:" لەكاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكەشدا تواندرا دەستبگیرێت بەسەر ئەو بڕە پارەیەدا كە تۆمەتبار لە كچەكەی وەری گرتبوو".

ئاشكراشیكردووە:" لە ئێستادا تۆمەتبار (م. ت. ف لەدایكبووی 2005) بەبڕیاری دادوەر راگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا