فەرامەرز ئەسڵانی کۆچی دوایی کرد

جیهان 21/03/2024

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

یەکێک لە هونەرمەندە ناودارەکانی ئێران لە تەمەنی 69 ساڵیدا و پاش تووشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجە، کۆچی دوایی کرد.
مەرجان ئەسڵانی هاوسەری فەرامەرز ئەسڵانی هونەرمەندی بەناوبانگی ئێران رایگەیاند:" شێرپەنجەیەکی مەترسیدار ژیانی لە فەرامەرز ئەسڵانی شاعیر، گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر و رۆژنامەنووسی سەندەوە".
ناوبراو تەنها ماوەی چەند هەفتەیەکبوو تووشی شێرپەنجە ببوو، دوو هەفتە پێش ئێستا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام باسی لەوەکردبوو:" وەک رێبوارێکی ئەم رێگا ئاڵۆزە، رووبەڕووی شێرپەنجە بوومەتەوە".
 ئاماژەی بەوەشکردبوو:" بە نیازم ئەمساڵم بۆ وەرگرتنی چارەسەر و دەرمان و چاودێریکردنی رۆحی خۆم تەرخان بکەم، لەگەڵ هەر بەیانییەکیشدا، دڵم ئازایەتییەکی زیاتر پەیدا دەکات".
فەرامەرز ئەسڵانی لە 13ی تەمموزی 1954 لە شاری تاران لەدایکبووە و لە تەمەنی 12 ساڵیدا لەگەڵ خانەوادەکەی ئێرانیان بەرەو بەڕیتانیا بەجێهێشتووە و لەوێ بەردەوامی بە خوێندن داوە.
 لە ساڵی 1972 لەندەنی بەرەو لۆس ئەنجلس بەجێهێشتووە و ماوەی چوار ساڵ لەوێ ژیاوە و لە چەند رۆژنامەیەک کاری کردووە، ناوبراو لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی دیکەی ناوداری ئێران وەک داریوش و بابەک ئەمینی کاری کردووە.
لە ئێستادا ئەلبومەکانی فەرامەرز ئەسڵانی لەناو ئێران مۆڵەتی بڵاوکردنەوەیان نییە، بەڵام بەشێک لە گۆرانییەکانی وەک (ئاسکی کێوی) کە شیعرەکەی موڵکی حافزی شیرازییە، لە رادیۆی جمهوری ئیسلامی ئێرانەوە پەخش کراوە.
 فەرامەرز یەکێکە لەو هونەرمەندە ناودارانەی ئێران کە لە سەدەی رابردوودا دەرکەوتووە و خاوەنی زیاتر لە پێنج ئەلبومە و بەناوبانگترین گۆرانییەکانی بریتین لە (دیوار، ئەگەر رۆژێک، دڵ ئەسیرە) ساڵی 2012ش، بە هاوبەشی لەگەڵ داریوش چەند گۆرانییەکیان نوێ کردەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا