ئەمڕۆ سودانی دێتە هەولێر

کوردستان 21/03/2024

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی شاری هەولێر بکات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆببێتەوە.
میدیای پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاویکردەوە:" ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکومەتی وڵاتەکەی، دەگاتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان".
ئاماژەی بەوەشکرد:" لە سەردانەکەی ئەمڕۆیدا، سودانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم تاوتوێی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە گشتی و کێشە داراییەکان بە تایبەت دەکات".
سەردانەکەی سودانی بۆ هەولێر لە کاتێکدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، بەهۆی ئەوەی بەغدا بڕی پێویست پارەی نەناردووە ناتوانێت مووچەی مانگی رابردوو دابەشبکات و ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری هاوڵاتییانی لێکەوتووتەوە.
لەلایەکی دیکەوە دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راستەوخۆ لە رێگەی بانکەکانی عێراقەوە بدرێت و بەوهۆیەشەوە وەزارەتی دارایی عێراق داوا دەکات هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دروستبکرێت، لە بەرامبەریشدا حکومەتی هەرێم کار لەسەر پڕۆسەی دروستکردنی (هەژماری من) دەکات بۆ مووچەخۆرانی هەرێم.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا