میدیای گۆڕان: حكومەت لە داهاتی ناوخۆ پارەی یەك مووچە و نیوی بە بارمتەگرتووە

کوردستان 25/03/2024

لەلایەن: هەردی فارووق

Alternate Text

میدیای گۆڕان دەڵێت، حكومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆ پارەی یەك مووچە و نیوی بە بارمتە گرتووە و دابەشی ناكات.

ئەمشەو، میدیای بزوتنەوەی گۆڕان، کە بزوتنەوەکە پێکهێنەرێکی سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، رایگەیاند، کومەتی هەرێم داهاتی ناوخۆی پێنج مانگی رابردووی بە بارمتەگرتووە، کە تەنها ئەو داهاتە بەشی دابەشکردنی مووچەی مانگێک و نیو دەکات، بەڵام دابەشی ناکات.

میدیای بزوتنەوەکە دەڵێت، بەبێ ئەو 560 ملیار دینارەی لە بەغداوە هاتووە، حکومەت دەتوانێت مووچەی مانگێک و نیو دابەشبکات، بەڵام ئەو کارە ناکات.

هەروەها، میدیاکە، لێدوانی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرچاوە دەهێنێتەوە و دەڵێت بەپێی لێدوانی وەزیری دارایی، مانگانە داهاتی ناوخۆ 350 ملیار دینار کە 50 ملیار داهاتی نەوتە، بەو پێیەش کۆی گشتی داهاتی ناوخۆ بۆ پێنج مانگی رابردوو زیاتر لە دوو ترلیۆن دینارە.

پێشتر، ئاوات شێخ جەناب لە دیدارێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە تا ئەو کاتەی بەغدا پارەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە نەنێرێت دەستبەدابەشکردنی مووچە ناکەن، کە ئەوەش حکومەتی هەرێمی رووبەرووی رەخنەیەکی زۆر کردووەتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا