"تا ئێستا ناوی كاندیدان بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێم پێشكەش بە كۆمیسۆن نەكراوە"

کوردستان 26/03/2024

لەلایەن: زامۆ بەکر

Alternate Text

دەربارەی كاندید هاوپەیمانێتی و حزبەكان سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق زانیاری نوێ ئاشكرا كرد.

 عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە لێدوانێكدا رایگەیاند:" تا ئێستا تەنها 36 كاندیدی سەربەخۆ ناویان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێشكەش بە كۆمسیۆن كردووە و كۆتا وادەش بۆ وەرگرتنی ناوی كاندیدان رۆژی پێنج شەممە (28-3-2024) یە و ئەو وادەیەش درێژناكرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشكردووە:" بەپێی ئەو ئامارانەی هەتا ئێستا لەبەردەستدایە لە هەولێر 11 كاندید و لە سلێمانی 13 كاندید و لە دهۆكیش 12 كاندید خۆیان تۆمار كردووە و هاوكات تەنها دوو حزب لە دهۆك و سلێمانی كاندیدانیان پێشكەش كردووە و سێ هاوپەیمانێتیش لە سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش بە كۆمسیۆن كردووە". 

ئەوەشیخستەڕوو:" هیچ پلانێك نییە بۆ دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەر حزب و لایەنێكیش بایكۆتی پرۆسەكە بكات كاریگەری لەسەر پرۆسەكە دروست ناكات، وەك چۆن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق حزب و لایەن هەبوون بایكۆتی هەڵبژاردنیان كرد و هیچ كاریگەرییەكیشی لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەكە نەبوو".

ئاشكراشیكردووە:" تیمەكانی كۆمسیۆن بەردەوامن لە كاركردن و ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا كە 10ی حوزەیرانی ئەمساڵە و بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێكڕا 20 حزب و دوو هاوپەیمانێتی و 62 كاندیدی سەربەخۆ بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەكە تۆماركراون، كە لەبازنەكانی هەڵبژاردن بەشداردەبن، بەكۆی گشتیش لە هەرێمی كوردستان سێ ملیۆن و 789 هەزار و 360 دەنگدەر هەن، لەو ژمارەیەش زیاتر لە دوو ملیۆن 900 هەزار دەنگدەر ناوی خۆیان لە تۆماری بایۆمەتری تۆماركردووە و ئامادەن بەشداری هەڵبژاردن بكەن".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا