شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بۆ خانمانی راگەیاندنکار: جیاوازیتان ناکەم و سەرکەوتنی هەمووتانم دەوێ

کوردستان 27/03/2024

لەلایەن: محەمەد سەردار

Alternate Text

خانمی یەکەمی عێراق رایگەیاند، خانمانی رۆژنامەنووس دەرفەتی باشیان لەبەردەمدایە و توانیویانە بەربەستەكان بشكێنن و كاراكتەرێكی كارامە بن لە تێكڕای دەزگا میدییاییەکاندا.

ئێوارەى رۆژى چوارشەممە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق لەشارى سلێمانی لەگەڵ ژمارەیەک لەخانمانی راگەیاندنکار کۆبۆوە و دۆخی ژنان لەبوارى میدیا و شێوازی مامەڵەکردن لەدامەزراوەکاندا تاوتوێ کرا.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد:" بەخۆشحاڵییەوە رێژەى ژنان لەدامەزراوە میدیاییەکاندا بەرەو زیادبوونەو ئێستا خانمانی رۆژنامەنووس دەرفەتی باشیان لەبەردەمدایە و توانیویانە بەربەستەكان بشكێنن و كاراكتەرێكی كارامە بن لە تێكڕای میدیا بیسترا و بینراو و نووسراوەكان، هەروەها لە بەدواداچوون و تۆماركردن و گواستنەوەی زانیارییەكان رۆڵێكی ئەرێنییان هەبێت ".

ئەوەشی خستەڕوو:" خانمە میدیاکارەکان چ بێژەر بن یان کارمەندی ناو دامەزراوەکە یاخود پەیامنێرەکان، پێویستیان بەوەیە کەپشتگیری و پشتیوانی بکرێن بەپاڵنەرێکی نیشتمانی تا سود لەتواناکانیان وەربگیرێت و ئەو کۆسپ و تەگەرانە وەلابنرێت کەرێگرە لەپێشکەوتنیان لەکایەى میدیاییدا، هاوکات کاربکرێت بۆ پێدانی رۆڵ و مافەکانیان شان بەشانی پیاوان لەدەزگا و دامەزراوەکاندا ".

خانمی یەکەمی عێراق وتیشی:" خانمان لەبوارى میدیادا زۆر ماندوون و هەندێکیان رووبەرووى کێشە و گرفت دەبنەوە، دەبێ کاربکەین تا هاوکاریان بین و پشتگیری و پشتیوانیان بین ".

لە درێژەی قسەکانیدا بە خانمانی رۆژنامەنوسانی وت:" ئێوە نوێنەرى دامەزراوەى میدیایی جیاجیان، بەڵام من بەچاوی جیاوازییەوە سەیرتان ناکەم و سەربەرزی و سەرکەوتنی هەمووتانم دەوێ، چونکە دەبێ ژنان پشت و پەناى یەکتر بن ".

بە پێی راگەیەندراوەکە، هەر لەکۆبوونەوەکەدا خانمانی میدیاکار سەرنج و بۆچوونەکانی خۆیان خستەروو هاوکات تیشکیان خستەسەر ئەو گرفت و ئاستەنگانەى لەکارى رۆژانەیاندا رووبەرووى دەبنەوە و ئاماژەیان بەوەکرد لەرێى کارکردنەوە دەیانەوێ بیسەلمێنن کەتواناکانیان لەتواناى پیاوانی هاوپیشەیان کەمتر نییە، سەربارى ئەوەى ئەرکی دایکایەتی و خێزانیان لەئەستۆیە.

خانمی یەکەم شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جەختیکردەوە کە بۆ کەمکردنەوەى بۆشایی نێوان پیاو و ژن لەکایەى میدیاییدا، پێویستە دامەزراوەیەکی هاوشێوەى رێکخراوەکانی ژنان پێک بێت کەخانمانی میدیاکاری هەموو دامەزراوەکانى راگەیاندن لەخۆ بگرێت بەجیاوازی ئایدۆلۆژیاوە، دامەزراوەیەک بێت بۆ کۆکردنەوە و داکۆکی کردن لەمافەکانی ژنانی راگەیاندنکاری نێو دەزگاکانی راگەیاندن.

 

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا