"بەشداری نەكردنی یەكێتی یان پارتی، ئەگەری دوو ئیدارەیی چالاك دەكات"

کوردستان 28/03/2024

Alternate Text

وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، داوا لە یەكێتی و پارتی دەكەن هەوڵەكانیان یەكبخەن بەمەبەستی بەشداریكردنی هەموو لایەن و پێكهاتەكان و سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن.

 دكتۆر فەرهاد تۆفیق حسن، وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" دوای ئەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ماوەی  پێشكەشكردنی كاندیدەكانی بۆ جاری دووەم درێژكردەوە، لەسۆنگەی هەستكردن بەبەرپرسیارێتی و دڵسۆزیمانەوە بۆ هەرێمی كوردستان و خوێندنەوەمان بۆ بارودۆخی سیاسی و كارگێڕی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە، بەپێویستی دەزانین هەموو لایەن و پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نبشتمانیی كوردستان، لەپێناو بەبەهێزی مانەوەی هەرێمی كوردستان و پێشخستنی سیستەمی دیموكراسی و نەهێشتنی ئەو فشارانەی لەسەر هەرێمی كوردستانە، هەوڵەكانیان یەكبخەن بەمەبەستی بەشداریكردنی هەموو لایەن و پێكهاتەكان و سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە".

ئاماژەی بەوەشكردووە:" بۆ ئەم مەبەستەش هەم خۆیان هاو هەڵوێست بن و هەم لەگەڵ كۆمسیۆنیش بگەنە ڕێكەوتن تا پرۆسەیەكی سەركەوتوو ئەنجامبدرێت، چونكە ئەگەر هەرلایەنێك لەو دوو لایەنە بەشداری هەڵبژاردن نەكەن و نەیانەوێت پرۆسەكە، بەدڵنیاییەوە هەڵبژاردن یان ئەنجامنادرێت یان شكست دەهێنێت و سەركەوتوو نابێت و ئەگەری دوو ئیدارەیی چالاك دەكات".

 باسی لەوەشكردووە:" هەربۆیە وەكو پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان داوا لەهەموو لایەك دەكەین، كەهەوڵەكانیان یەكبخەن بەمەبەستی بەشداریكردنی هەموو لایەنەكان و سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە، كە دەرچەی دەرچوونی هەرێمی كوردستانە لەم بۆشاییە یاسایی و كارگێڕییەی تێیكەوتووە".

روونیشیكردووەتەوە:" هاوكات داوا لەكۆمسێۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەكەین كەماوەی پێشكەشكردنی كاندیدەكان زیاتر درێژبكاتەوە تاوەكو هەموو لایەنەكان بگەنە ڕێكەوتن".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا