مەکتەبی سیاسی یەکێتی
جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی لە وادەی دیاریکراودا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
بەڕێوەبچێت و دەڵێت " لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نین ".
دەقی راگەیەندراوی
مەکتەبی سیاسی یەکێتی:
مەکتەبی سیاسیی بەسەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
کۆبوووە و دیسانەوە تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و مەبدەئی یەکێتیی کردەوە کە لەگەڵ
ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندایە لەوادەی دیاریکراوی خۆی لە ( ١٠-٦- ٢٠٢٤).
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمرۆ ٢-٤- لە دەباشان بۆ تاوتوێکردنی
دوا ئامادەکارییەکان و بەرنامەی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی لەم بوارەدا بەرێوەچوو
، هەڤاڵان بە تێکرا لەگەڵ پابەندێتیی هەموو لایەک بوون بەو وادەی کە لە لایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری
لێدراوە و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی
عێراقیش ئامادەکاری پێویستی بۆ کردووە.
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی
قەوارەی هەرێم و ئەزموونی دیموکراتی کوردستان کە خەونی لە مێژینەی گەلەکەمانە و خەباتێکی
بێوچانی بۆ کراوە، هەروا جەختی لەسەر بەرێوەچوونی
هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکرات کردەوە کە
پابەندبوون بە وادە راگەیاندراوەکانی هەڵبژاردنیش بەشێکە لە ئاماژە جەوهەرییەکانی پاک و بێگەردی پرۆسەکە، کۆبوونەوە دووپاتیشی
کردەوە نوێکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەتی هەرێم هەر لە
رێی دەنگدانی گشتییەوە دەبێت و رەوایی نوێنەرایەتی گەلەکەشمان بۆ داکۆکی ماف و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانیش هەر
بەو شێوەیە دابین دەبێت.
مەکتەبی سیاسیی هەڵوێستی روون و ئاشکرای یەکێتیی تەئکید کردەوە کە ئەمرۆ داخوازی هاوڵاتیان
بۆ مووچەو بوجەی ئاوەدانی و بوژاندنەوە تەنها
و تەنها لە رێی پەرلەمان و حکومەتێکی نوێوە دەکرێت کە پشت بەستوو بە بڕیاری خەڵکی
کوردستان دەتوانێت پێداگری لەسەر مافە دەستورییەکانی کوردستان و شایستە داراییەکانی گەلەکەمان بکات و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دانوستاندێکی
دادپەروەرانە و ئازایانەی لەسەر بکات.
بەشێکی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ هەڵسەنگاندنی دوا سەردانی
دیپلۆماسیی سەرۆک بافڵ و وەفدی باڵای یەکێتیی بۆ روسیای فیدرال و دیدارەکانی لە مۆسکۆی
پایتەختی ئەو وڵاتە، کۆبوونەوەکەی مەکتەبی
سیاسیی سەردانەکەی بە سەرکەوتوو و بنیاتنەرانە لە قەڵەمدا کە دەبێتە مایەی گەشەکردنی پەیوەندی یەکێتیی و روسیا و پەرەپێدانی زیاتری
دۆستایەتی لەگەڵ کوردستان .
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢ ی ٤ ی ٢٠٢٤