پارتی سۆسیال دیموکرات لە هەناوی گرژییەکانەوە کۆنگرە دەبەستێت

کوردستان 04/04/2024

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

دوای 24 کاتژمێر لە شەڕی چەکداری و زیاتر لە مانگێک لە کێشە و گرژی ناوخۆیی حزبەکە، ئەمڕۆ پارتی سۆسیال دیموکرات کۆنگرەی هەشتەمی خۆی دەبەستێت.
بەپێی بڵاوکراوەی میدیای فەرمی حزبەکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پارتی سۆسیال دیومکراتی کوردستان کۆنگرەی هەشتەمی خۆی لە گوڵەخانەی سەر بە شاری هەڵەبجە دەبەستێت.

 گرژییە ناوخۆییەکان گەیشتوونەتە لوتکە

کۆنگرەی ئەمجارەی حزبەکە لەکاتێکدایە کە گرژییە ناوخۆییەکان گەیشتوونەتە لوتکە، بەوپێیەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکە مانگی رابردوو بڕیاری دوورخستنەوەی عەبدوڵا حاجی مەحمود جێگری محەمەد حاجی مەحمود سەرۆکی حزبەکەیان دەرکرد و بڕیارەکەش لەلایەن عەبدوڵا حاجی مەحمودەوە قبوڵنەکراو بوو.

گرژی و ئاڵۆزییەکان لەنێوان دوو براکەی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بەردەوام بەرەو ئاڵۆزی دەڕۆیشت تا ئەوەی دوێنێ چوارشەممە، گرژییەکان سەریان بۆ رووبەڕوبوونەوەی چەکداری کێشا و لە کاتەکانی بەرەبەیاندا، کوڕێکی عەبدوڵا حاجی مەحمود و هێزێکی ناوبراو لە گوڵەخانە رووبەڕووی هێزێکی محەمەد حاجی مەحمود بوونەوە، دواتریش هێزەکەی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات لە خانوویەکدا گەمارۆی کوڕەکەی عەبدوڵا حاجی مەحمود و هێزەکەیان دا، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگربوون لەوەی شەڕ دروستبێتەوە.

هێزەکەی محەمەد حاجی مەحمود تەقەیان لێکردووە

دواتر عەبدوڵا حاجی مەحمود لە لێدوانێکیدا بە BMC راگەیاند:" کوڕەکەم بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ کۆنگرە رۆیشتووە و هێزەکەی محەمەد حاجی مەحمود تەقەیان لێکردووە و کوڕەکەی منیش لەگەڵ ئەو چەکدارانەی کە لەگەڵیدا بوون، وەڵامی تەقەکانیان داوەتەوە".

بەشداری کۆنگرە دەکەم و کۆمسیۆن سەرجەم ئەو بڕیارانەی هەڵوەشاندووەتەوە

وتیشی:" سەرەڕای تێبینییەکان، من بەشداری کۆنگرە دەکەم و کۆمسیۆن سەرجەم ئەو بڕیارانەی هەڵوەشاندووەتەوە کە ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکەم دژی من و چەند هەڤاڵێک دەریانکردووە گوایە دووریانخستووینەتەوە".

لەبەرئەوەی دەزانێت شکست دەهێنێت ئاڵۆزی ناوەتەوە

دواتر وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکرات لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد:" لەسەر داواکاری خەڵک و دەست ماچکردن، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەلمان داوەتەوە بە عەبدوڵا حاجی مەحمود تا بەشداری کۆنگرە بکات، بەڵام لەبەرئەوەی دەزانێت شکست دەهێنێت ئاڵۆزی ناوەتەوە".

دوورخستنەوەی عەبدوڵا حاجی مەحمود پەسەندکراوە

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە و چەند کاتژمێرێک بەر لە دەستپێکردنی کۆنگرەی حزبەکە، میدیای فەرمی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان نووسراوێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی بڵاوکردەوە، کە تیایدا دوورخستنەوەی عەبدوڵا حاجی مەحمود پەسەندکراوە.

تاوەکو ئێستا دیار نییە هەڵوێست و هەنگاوی داهاتووی عەبدوڵا حاجی مەحمود چی دەبێت و روون نییە کە ئایا هەوڵدەدات بەشداری کۆنگرەکەی ئەمڕۆی پارتی سۆسیال دیموکرات بکات یاخود نا.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا