شارەزایەکی کەشناسی رایگەیاند، رەوشی کەشوهەوا ناجێگیر دەبێت و خێرایی با زیاد دەکات.
ئەمڕۆ شەممە، ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی هەرێمی کوردستان لە پێشبینییەکدا رایگەیاند:" لەدرەنگانی ئەمشەو بەدواوە ناوچەکانمان دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەک لەدەریای سوور و ناوەڕاستەوە و سەرەتاش بە چالاکبوونی ھەورە بروسکە و نمە بارانی کورت خایان کاریگەری دەبێت".
ئاسمانی ھەرێم نیمچە ھەور بۆ ھەوری تەواو دەبێت
دەشڵێت:" بۆ سبەی یەکشەممە ئاسمانی ھەرێمی کوردستان بەزۆری نیمچە ھەور بۆ ھەوری تەواو دەبێت و بای باشووری رۆژھەڵات لەناوچەکانی باشووری عێراقەوە بۆ سەر ناوچەکانمان چالاک دەبێت بەخێرای 15 تا 30کم/ک".
لە سنووری ئیدارەی گەرمیان خێرایی باکە چالاکتر دەبێت
ئەو کەشناسە باس لەوەش دەکات، لەناوچەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکوک خێرایی باکە چالاکتر دەبێت ھەندێک کات بۆ سەرووی 40کم/ک بەھۆیەوە ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵێکی کەم دەبێت".
ھەورە بروسکە دەستپێدەکات و تاوە بارانی مامناوەند بۆ بەخوڕ دەبارێت
ئاراس جەبار راشیگەیاند:" لەکاتەکانی سبەی ئێوارەوە بەتایبەت شەو کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆکەی دەریای سوور لەسەر ناوچەکانمان چالاکتر دەبێت و بەگوێرەی کات ھەورە بروسکە دەستپێدەکات و تاوە بارانی مامناوەند بۆ بەخوڕ لە شوێن و ناوچەی جیاجیادا دەبارێت کە رێژەی دابارینەکان ناجێگیر دەبن لە شوێن تا شوێن کاریگەری جیاواز و دیاری نەکراو دەبێت و پلەی گەرمی سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ دوو تا چوار پلە نزمدەبێتەوە".