هەڤاڵ ئەبوبەکر: 10 ساڵە هیچ پارەیەک بۆ پرۆژەکانی سلێمانی نەنێردراوە

کوردستان 08/04/2024

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

پارێزگاری سلێمانی ئاشکرایکرد، ماوەی 10 ساڵە هیچ بڕە پارەیەک بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی سلێمانی نەنێردراوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" لە ئێستادا ئێمە کێشەی نەختینە و متمانەی بانکەکانمان هەیە، بەشێک لەو بودجانەی بۆ پرۆژەکان تەرخانکرابوون پارەکانیان لە بانکەکاندا نەماوە، دەبێت بابەتی دروستکردنی هەژماری بانکی جارێکی دیکە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و ناکرێت بکرێتە بابەتێکی سیاسی".
ئاماژەی بەوەشکرد:" جێبەجێکردنی پرۆژەکان پێویستیان بەوە هەیە کە پارە لە بانکەکاندا هەبێت، لە 2014ەوە تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی نەختینە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە نەهاتووەتە سلێمانی، پرۆژە هەبووە تەنها %2ی ماوە تەواو ببێت، بەڵام نەتوانراوە تەواو بکرێت".
باسی لەوەشکرد:" دەبێت سیستمی دارایی خۆمان چاک بکەین و تەنها کێشەی نەبوونی نەختینەمان بۆ چارەسەر بکرێت، هەموو پرۆژەکان دەستپێدەکەنەوە و پێش وادەی خۆشیان تەواو دەکرێن".
پارێزگاری سلێمانی ئاشکراشیکرد:" لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا دۆخێکیان دروستکردووە کە هاوڵاتییان تەنها سەرنجیان لەسەر مووچەیە، بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە چەند مووچەیەکی دیکە لەکاتی خۆیدا دابەشبکرێت خەڵک داوای خزمەتگوزارییەکانی دیکە دەکات، بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێم جەخت لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بۆ جێەبجێکردنی پرۆژەکان بکاتەوە، دواکەوتنی پرۆژەکانیش بە پلەی یەکەم پەیوەندییان بە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقەوە هەیە".



ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا