حوسییەکانی یەمەن بە
ئامانج گرتنی دوو کەشتی ئیسرائیل و دوو کەشتی ئەمەریکایان لە کەنداوی عەدەن
راگەیاند.
یەحیا سەریع وتەبێژی
سەربازی حوسییەکانی یەمەن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:" ئەمڕۆ چوارشەممە،
هێزەکانمان چوار هێرشیان بۆ سەر دوو کەشتی ئیسرائیل و دوو کەشتی ئەمەریکا لە
کەنداوی عەدەن ئەنجامدا".
ئاماژەی بەوەشکرد:"
دوو کەشتییە ئیسرائیلییەکە ناویان (MSC DARWIN) و(MSC
GINA) ببووە،
هەروەها کەشتییەکی جەنگی ئەمەریکا و کەشتییەکی دیکەی هەمان وڵات بە ناوی (MAERSK
YORKTOWN)، لە
هێرشەکانی ئەمڕۆدا بە ئامانج گیراون".
ئەم هێرشانە ئەرکی ئاینی و ئینسانی خۆمان دەزانین
باسی لەوەشکرد:"
ئەم هێرشانە ئەرکی ئاینی و ئینسانی خۆمان دەزانین بەرامبەر ئەو ستەمانەی لە گەلی
فەڵەستین، جگە لەوەش بەرگرییە لە یەمەن، هەروەها هێرشەکانمان بەردەوام دەبن لە
دەریای سوور و دەریای عەرەب و زەریای هندی، تا ئەو کاتەی دەستدرێژییەکان بۆ سەر
غەززە رادەوەستێنرێن".
دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، حوسییەکانی
یەمەن دەستیان بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور و کرد و بیانووشیان
بۆ ئەو کارە، تۆڵەی هێرشەکانی ئیسرائیل بوو بۆ سەر کەرتی غەززە.
هاوکات لەو
چوارچێوەیەدا کۆشکی سپی ئەمەریکا پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕوبوونەوەی
هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سووردا راگەیاند کە هاوپەیمانییەکە 10 وڵات لەخۆ دەگرێت.
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی ئەمەریکا چەندینجار ئێرانیان
بە پاڵپشتیکردن و دابینکردنی هاوکاری بۆ حوسییەکانی یەمەن تۆمەتبار کردووە.
لەو چوارچێوەیەشدا، ئەمەریکا و بەڕیتانیا چەندینجار و لە
چەندین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشدا، هێرشیانکردووەتە سەر حوسییەکانی یەمەن.