لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایدەگەیەنێت، سلێمانی لەرووی تەندروستییەوە پێشەنگی شارەکانی هەرێم و عێراقە.
ئەمشەوی پێنجشەممە، گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند:" لەمانگی رەمەزانی پیرۆزدا، بەشێوەیەکی بەردەوام لیژنەکان سەردانی دوکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکانیان کردوە و لە هەڵمەتەکانیاندا پشکنینیان بۆ سەرجەم ئەو خواردن و خواردنەوانە ئەنجام داوە کە لەلایەن بازرگانەکانەوە بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت".
زۆرینەی شوێنەکان پابەندی مەرجەکانی تەندروستی بوون
وتیشی:" جێگەی سوپاس و دەستخۆشییە بۆ خاوەن شوێنەکان و کارمەندەکانیان کە زۆربەی زۆری ئەو چێشتخانە و ریستۆرانت و هەمو ئەو شوێنانەی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی سەردانیکردون کە خواردن و خواردنەوە دروست دەکەن پابەندی مەرجەکانی تەندروستی و ڤێتێرنەری و رێنماییەکانی دیکەی کارکردن بوون".
سلێمانی پێشەنگی پاکوخاوێنییە
گۆران قادر روونیشیکردەوە، لەسەر بنەمای ئامارە تۆمارکراوەکانی مانگی رەمەزانی پیرۆز و بەهۆی پابەندبوونی شوێنەکان بەمەرج و رێنماییەکانی کارکردن، سلێمانی پێشەنگی پاکوخاوێنییە لەسەر ئاستی تەواوی شارەکانی هەرێم و عێراق، کە ئەوەش ئامانجی سەرەکی کاروچالاکی رۆژانەی لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانییە نەک سزادان و زیان گەیاندن بە بازاڕیان".
زۆر کەمن ئەوانەی سەرپێچییان کردووە و سزادراون
راشیگەیاند:" ژمارەیەکی زۆر کەم لە چێشتخانە، ریستۆرانت و کارگەکانی ئامادەکردنی شەربەت و شیرینی سەرپێچییان کردوە کەلەلایەن لیژنە هاوبەشەکانەوە روبەڕوی داخستن و رێکاری یاسایی کراونەتەوە".