سودانی: دەبێت بڕیاری جەنگ و ئاشتی بەدەستی وڵات بێت

عێراق 11/04/2024

لەلایەن: هەردی فارووق

Alternate Text

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی هێرشی میلیشیاکان بۆسەر عێراق رایگەیاند، دەبێت بڕیاری ئاشتی و جەنگ بەدەستی وڵات بێت نەک لایەنەکانی دیکە.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ رۆژنامەی Foreign Affairs، کە چەند رۆژێک پێش سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا ئەنجامیداوە، دەڵێت:" پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و عێراق فاکتەرێکی سەرەکی سەقامگیربوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە لە هەمان کاتدا گەلان بەهۆیەوە دەبوژێنەوە".

ئەو گروپانە لە دۆخی ئاڵۆزدا سەریانهەڵداوە

وتیشی:" لە ساڵانی دواییدا ماوە ماوە گرژی و ئاڵۆزی لە ئەنجامی ململانێکان لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی عێراق، لە نێوان وڵاتەکەماندا درووستبوون، کە ئەو گروپانە لە دۆخی ئاڵۆزدا و لە کاتی رووبەرووبوونەوەی تیرۆردا سەریانهەڵداوە".

بێوچان کار بۆ ئاسایش و سەقامگیری دەکەین

راشیگەیاند:" بەڵام وردە وردە لەگەڵ گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری، پێویستبوون بە چەک و هێز لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و دامەزراوەکانی بوونی نامێنێت، لە ئێستاشدا بێوچان کار بۆ ئەو ئامانجە دەکەین".

رێیەکی دوور و پڕ ئالنگاری لەپێش عێراقە

سودانی باسی لەوەش کرد:" رێیەکی دوور و پڕ ئالنگاری لەپێش عێراقە، حکومەتەکەم باش لەو دۆخە هەستیارە تێگەیشتووە و دەزانێت کە دەبێت باڵانسی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەو گروپە چەکدارەکانەی کە لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا دەچێتە ململانێوە، رابگرێت".

هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا رەتدەکەینەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق دەشڵێت:" ئێمە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و وڵاتانی دراوسێش رەتدەکەینەوە، لە هەمان کاتدا پێویستمان بە کارە بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی ناوخۆ و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی سیاسی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان".

بڕیاری جەنگ و ئاشتی تایبەت بە دەوڵەت بێت

هەروەها وتیشی:" دەبێت بڕیاری جەنگ و ئاشتی تایبەت بە دەوڵەت بێت، نابێت هیچ لایەنێکی دیکە داوای ئەو مافە بکات".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا