بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی
گەورانی هەولێر روونکردنەوە لەبارەی گیان لەدەستدانی زیندانیکراوێک دەدات و دەڵێت
" نەخۆشی شەکرەی هەبووە ".
بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی
گەورانی هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، زیندانیکراوێک بەناوی ئەسعەد
حسێن ئەحمەد کە نەخۆشی شەکرەی هەبوو و کاریگەری لەسەر گورچیلەکانی دروستکردبوو، بەهۆیەوە
گیانی لەدەستدا.
ژیان و مردن لە دەست خودایە
ئەوەشی خستەڕوو:" پێش گیان لەدەستدانی ئەو زیندانیکراوە لە ڕێگەی
تیمەکانمانەوە هەفتانە دووجار ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرا و شتنی گورچیلەی بۆ ئەنجامدەدرا
و هەموو خزمەتگوزارییەکی تەندروستی بە باشترین شێواز پێشکەشکراوە، بەڵام ژیان و
مردنیش لە دەست خودایە ".
ماوەی 22 ساڵە لە چاکسازییە
لەبارەی ئەو سزای ئەو زیندانیکراوەش، چاکسازی گەورانی هەولێر دەڵێت، ناوبراو
ماوەی 22 ساڵە لە چاکسازییە و بە هەردوو ماددەی یاسایی 406 و 169 بە ماوەی سزای
سێدارە و پێنج ساڵ و یەک مانگ زیندانیکردن سزادرابوو.
ئەوەشی خستەڕوو:" سەرلەبەری ئەو هەواڵەی لە هەندێک لە پەیج و
دەزگای ڕاگەیاندن بڵاوکراوەتەوە دوورە لەڕاستییەوە و سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو پەیج
و دەزگایەنە تۆمار دەکەین کە ئەم هەواڵە ناڕاستەیان بە ناوی بنەماڵەی کۆچکردوو
بڵاوکردووەتەوە و هەوڵی ناوزراندنی بەڕێوەبەرایەتیەکەمانیان ".