لە رۆژانی جەژندا لە هەولێر، 140 منداڵ لەدایک بوون و 30 تاوانیش تۆمارکراون

کوردستان 13/04/2024

لەلایەن: هەردی فارووق

Alternate Text

پارێزگای هەولێر ئامارەکانی رۆژانی جەژنی رەمەزانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە لەو رۆژانەدا 140 منداڵ لەدایک بوون و پۆلیسیش 30 تاوانی تۆمارکردووە.

ئەمشەوی شەممە، پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، لەلایەن لیژنەى ئەمنى پارێزگای هەولێر بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەر و ماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان ئامادەکاری بۆ کرابوو، پلانەکە وەکوخۆی و بە سەرکەوتووی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێکرا.

69 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە

لە ئامارەکاندا، سەبارەت بە گەشتوگوزار باس لەوەکراوە کە ژمارەی ئەو گەشتارانەی تەنها لە رۆژانی پشووی جەژن سەردانی هەولێریان کردووە بریتی بووە لە 69 هەزار و 499 گەشتیار.

لە جەژندا 30 تاوان تۆمارکراوە

هەروەها، بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی شارەکە، 30 تاوان تۆمارکراوە، کە 28 تاوان ئاشکراکراوە و دوو تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوەدایە.

 هەشت هەزار و 786 نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەکانیان کردووە

سەبارەت بە ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی، ئاماژە بەوەکراوە کە لەسێ رۆژی جەژن هەشت هەزار و 786 نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێریان کردووە، 140 منداڵ لەدایک بووە و 240 نەشتەرگەرى بچووک ئەنجامدراوە و 979 حاڵەتى شوشتنی گورچیلە و 52 حاڵەتى سووتان هەبووە.

لە پێنج رووداوی هاتوچۆدا 20 کەس برینداربوون

لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی شارەکە پێنج رووداوی تۆمارکردووە، کە بەهۆیانەوە 20 کەس برینداربوون و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە، بەرگری شارستانیش پێنج رووداوی ئاگرکەوتنەوەی تۆمارکردووە و سەرجەمیان کۆنترۆڵکراون.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا