وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی ههرێم رایگەیاند، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی ھێڵی شەمەندەفەر تەواوبووە و گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان دەکەن بۆ جێبەجێکردنی.
ئەمڕۆ شەممە، حەکیم وەلید، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە میدیای پارتی راگەیاند:" وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ھەنگاومان بۆ دروستکردنی ھێڵی شەمەندەفەر ناوە و لەقۆناغی یەکەمدا گرێبەستێکمان لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیسپانی ھەبوو بۆ بابەتی لێکۆڵینەوە و دیراسەتی بەھا تا بزانین ئەو ھێڵە بۆ ھەرێمی کوردستان سودی ھەیە یاخود نا".
سودی بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت
دەشڵێت:" ئەوەمان بۆ دەرکەوت و دیراسەکە تەواوبوو، دەرکەوت سودی بۆ ھەرێمی کوردستان زۆر باش دەبێت".
بودجەیەکی زەبەلاحی دەوێت
وتیشی:" گرێبەستی دیراسەکە دوو ملیار دینار بوو لەگەڵ کۆمپانیایەک کرابوو، بۆیە ئەوە دەمینێتەوە کۆمپانیای بیانی بێن کاری دروستکردنی بۆ بکەن، کە لە رووی تەکنیکیەوە ئاسانە، بەڵام بودجەیەکی زەبەلاحی دەوێت و بە ملیاران دۆلاری پێویستە".
جارێ لەقۆناغی گفتوگۆدایە
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەشڵێت، گفتووگۆی بەردەوام ھەیە و بەم دوایانە وەزیر و تیمێک سەردانی وڵاتی ئیسپانیایان کرد بۆ پەیداکردنی وەبەرھێنەر و کۆمپانیا بۆ ئەوەی هەنگاوی یەکەم دەستپێبکەن، ئەمە جارێ لەقۆناغی گفتوگۆدایە و ھەرکاتێک کۆمپانیای بیانی ھەبوو ئەوکات دەتوانن دەست بەکاربکەن.