قوباد تاڵەبانی: بەڵێنەکەمان بەجێ گەیاند

کوردستان پێش 4 هەفتە

لەلایەن: محەمەد سەردار

Alternate Text

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، ساڵی 2018 بەڵێنیدا کێشەی گازی بەفیڕۆچوو و ژەهراوی حەسیرە چارەسەر بکرێت، بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای حەسیرە ئەو بەڵێنەمان بەجێ گەیاند.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد:" ئەمڕۆ لە رۆژی ئەنفالدا لەناو کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی ئەنفالدا بووم لە قەزای کفری، ساڵی 2018 بەڵێنم پێدان کێشەی گازی بەفیڕۆچوو و ژەهراوی حەسیرە چارەسەر بکەین کە زیانی زۆری بۆ ژینگەی دەڤەرەکە هەبوو ".

ئەوەشی خستەڕوو:" بە خۆشحاڵییەوە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای حەسیرە ئەو بەڵێنەمان بەجێ گەیاند کە توانای بەرهەمهێنانی 160 مێگاوات کارەبای هەیە و فراوانتریشی دەکەین ".

لەبارەی سەردانەکەی بۆ کفری وتیشی:" سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیانمان لە کفری کردەوە، ئەمەش یەکێک بوو لە بەڵێنەکان و هیوادارین ئەم زانکۆیە رۆڵی گرنگ ببینێت لە گەشەپێدانی کفری و دەڤەری گەرمیان ".

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد:" سەرای کفریشمان کردەوە کە پێشتر بەڵێنی نۆژەنکردنەوەیمان دابوو و بە خۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ یەکەمین چالاکی کلتوری تێدا بەڕێوەچوو ".

راشیگەیاند :" بڕیاریشماندا لە نزیکترین ماوەدا دەست بکرێت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەشتیاری بەنداوی باوەشاسوار و رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانیشی بە زوویی تەواو دەکرێت ".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە:" بڕیارماندا لەسەر جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری دیکە بە تایبەتیش لە بواری رێگەوباندا، داواشم لە بەرپرسانی ئیداری قەزاکە کرد هەموو جۆرە کارئاسانییەک بکەن بۆ باشتر خزمەتکردن و جێبەجێکردنی داواکاری هاوڵاتییان و شێوازی مامەڵە لەگەڵ خزمەتخواز باشتر بکرێت ".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا