باسم عەوادی: سەردانەکەی سودانی، گرنگترینی مێژووی پەیوەندییەکانی عێراق-ئەمەریکا دەبێت

عێراق پێش 4 هەفتە

لەلایەن: هەردی فارووق

Alternate Text

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، سەردانەکەی سودانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ بایدن، گرنگترینی مێژووی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمەریکا دەبێت و ئامانج لێی چالاککردنی هەماهەنگی دەبێت لە هەموو بوارەکاندا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند:" ئامانج لە سەردانەکەی سودانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ بایدن ئەوەیە کە کاری هاوبەشی نێوان هەردوولا لە تەواوی بوارەکاندا چالاک بکرێت، چونکە چەندین ماددەی رێککەوتنی ستراتیژی هەیە کە تا ئێستا چالاک نەکراون لەو کاتەوەی رێککەوتنەکە لە ساڵی 2008 واژۆکراوە".

چوارچێوەکانی هەماهەنگی فراوانتر بکرێن

وتیشی، پەیوەندییەکانی پێشوو خۆی دەبینیەوە لە لایەنە ئەمنی و سەربازییەکان، بەڵام ئێستا ئامانج ئەوەیە کە رێککەوتنی ستراتیژی لە تەواوی بوارەکانی سیاسی، ئابووری، وەبەرهێنان، بانکی، وزە و کەشوهەوا چالاک بکرێن، بە شێوەیەک چوارچێوەکانی هەماهەنگی لە نێوان عێراق و ئەمەریکا فراوانتر بکرێن.

ویلایەتە یەکگرتووەکان وڵاتێکی پێشکەوتووە

باسی لەوەش کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکان وڵاتێکی پێشکەوتووە لە رووی زانستی و تەکنەلۆژییە و خاوەنی پێشکەوتنێکە کە وڵاتانی دیکە نییانە، بۆیە لە بەرژەوەندی عێراقدایە کە تواناکانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە گەشەپێدانی وڵاتدا بەکاربهێنین.

سبەی سودانی و بایدن کۆدەبنەوە

رۆژی شەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرەو ئەمەریکا بەرێکەوت، وا بڕیاریشە سبەی دووشەممە 15ی نیسانی 2024 بۆ یەکەم جار لەو کاتەوەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی وەرگرتووە، لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا