زیاد جەبار: سەرجەم رێککارە یاساییەکانی پێشەشکردنی ناوی کاندیدەکانمان تەواوکردووە

کوردستان پێش 4 هەفتە

لەلایەن: محەمەد سەردار

Alternate Text

لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە سلێمانی رایگەیاند، هەڵبژارد زیاد لە پێویست دواکەوتووە و پێویستە هەموو لایەنەکان پابەند بن بەو کاتەی سەرۆکایەتی هەرێم دیاریکردووە.

زیاد جەبار، لێپرسراوی مەڵبەندی 1ی رێکخستنی یەکێتی لە سلێمانی بە BMC راگەیاند:" پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خوێدا بەڕێوەبچێت، چونکە لە ئێستادا بۆشایی یاسایی و دەستووری لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، لەبەر ئەوەی پەرلەمان وەک دامەزراوەیەکی یاسادانان نەماوە و حکومەتێکی کاربەڕێکەر بوونی هەیە ".

یەکێتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن

راشیگەیاند:" دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە پەرژەوەندی خەڵك و قەوارەی هەرێمی کوردستان نییە، بۆیە یەکێتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن ".

لەبارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ پرۆسەکە وتی" ناوی کاندیدانمان پێشکەش بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە و سەرجەم رێککارە یاساییەکان تەواوکراون ".

ئێستا زووە بۆ راگەیاندنی ناوەکان

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری BMC کە بۆچی تاکو ئێستا ناوی کاندیدانیان رانەگەیاندووە، زیاد جەبار دەڵێت :" ئێستا زووە بۆ راگەیاندنی ناوەکان، چونکە هێشتا وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێنەکردووە، بۆیە پابەند دەبین بە رێککارەکانی کۆمسیۆن بۆ بانگەشەکردن بۆ کاندیدەکان ".

سەبارەت بە کێشەکانی مووچە و بودجەش باسی لەوەکرد:" یەکێتی زۆرترین هەوڵیداوە بۆ ئەوەی مافی خەڵکی کوردستان لە مووچە و بودجەدا پارێزراو بێت ".

وتیشی :" ئومێد دەکەین جارێکی دیکە پرسی مووچە نەبێتە هەواڵ و مژدە بۆ خەڵک ".

پەیامنێری BMC دەپرسێت، ئایا گۆڕانکاری لە حکومەتی خۆجێی سلێمانی دەکرێت، لێپرسراوی مەڵبەندیش لە وەڵامدا دەڵێت :" چەند جارێک لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی تیمی یەکێتی لە حکومەت قسەمان کردووە لەسەر ئەوەی گۆڕانکاری لە ژمارەیەک بەڕێوەبەری یەکەی ئیداری لە پارێزگای سلێمانی بکرێت ".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا