کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی کۆتاییهات؛ ناوەڕۆکەکەی ئاشكرابوو

کوردستان پێش 2 هەفتە

Alternate Text

وتەبێژی یەکێتی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئاشکراکرد و بۆ هەڵبژاردن ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی ساسی بەسەر بازنەکاندا دابەشدەکرێن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" لەکۆبوونەوەکەدا جەخت لە هەڵوێستی یەکێتی سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا کرایەوە و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا، لەپێناو بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا دابەشبکرێن".

پێویستە هەرێم  حکومەت و پەرلەمانێکی کارای هەبێت

وتیشی،  لەئێستادا ناوچەکە بە بارودۆخێکی هەستیاردا تێدەپەرێت، بۆ ئەمەش پێویستە هەرێمی کوردستان، حکومەت و پەرلەمانێکی کارای هەبێت، کە توانای بەرەنگاربوونەوەی لەگەل حاڵەتە نەخوازراوەکاندا هەبێت، لەو روانگەیەشەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکاتەوە".

زۆربەی لایەنەکان داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەن

راشیگەیاند، نەک تەنها یەکێتی بەڵکو زۆربەی حزب و لایەنەکانی دیکەی هەرێم داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەکەن، هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیشمان هەمان داوایان هەیە.

هیچ رێگرییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نییە

سەعدی ئەحمەد پیرە باسی لەوەش کرد، حکومەت و پەرلەمانێکی کارا لەهەرێمی کوردستان کاریگەری دەبێت لەسەر بەهێزکردنی پێگەی هەرێم و برەودان بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا و وڵاتان، هاوکات دەرگایەک بەڕووی چارەسەری کێشەکان و کەمکردنەوەی قەیرانەکان لەهەرێم دەکاتەوە، پێشمانوایە لەئێستادا هیچ رێگرییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نییە و ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت پرۆسەی دیموکراسی لەهەرێم لاوازدەبێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا